ڕاپۆرتی ئاماریی “هەنگاو” بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو” بە بۆنەی (١ی مەی) ڕۆژی جیهانیی کرێکاری ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر پێشێلکردنی مافی کرێکاران لە کوردستان لە چە

١٠ بانەمەڕ ٢٧١٨، ١٠:٥٢

 

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو” بە بۆنەی (١ی مەی) ڕۆژی جیهانیی کرێکاری ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر پێشێلکردنی مافی کرێکاران لە کوردستان لە چەندین بەشدا ئامادە کردووە کە نزیکەی دوو هەزار حاڵەتی پێشلکاری لەخۆ دەگرێت.

 

گیان لە دەست دانی ٦٨ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کارەوە

 بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری “هەنگاو”، لە ڕێکەوتی (١ی مەی ٢٠١٧ هەتا ١ی مەی ٢٠١٨) سەرجەم ٦٨ کرێکاری کورد بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.

لە کۆی ئەو ٦٨ حاڵەتە ٢٧ حاڵەتی لە پارێزگای سنە، ١٣ حاڵەتی لەپارێزگای ئورمیە، ١٤ حاڵەتی لە پارێزگای ئیلام، ١٠ حاڵەتی لەپارێزگای کرماشان، ٣ حاڵەتی لەپارێزگای خوراسانی باکوور و حاڵەتێکیشی لە پارێزگای لوڕستان تۆمار کراوە.

 

١٢ کرێکار بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی

بە پێی ئامارەکانی “هەنگاو”، ١٢ کرێکار، کۆڵبەر و جووتیاری کورد لە کاتی کارکردن و بە هۆی تەیقنەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی.

لەو ڕێژەیە ٤ کەسیان گیان لە دەست داوە و ٨ کەسیشیان بریندار و بەشێک لە جەستەیان لە دەست داوە.

 

٢١٠ کۆڵبەر بوون بە قوربانی

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری “هەنگاو”، لەو ماوەیەدا (١ی مەی ٢٠١٧ هەتا ١ی مەی ٢٠١٨)، لەسەر یەک ٢١٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بوونەتە قوربانی کە زیاترین ڕێژە لە پارێزگاکانی ئورمیە و سنە تۆمار کراوە.

لەو ڕێژەیە ٦٠ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ١٥٠ کۆڵبەر و کاسبکاریش بریندار بوون کە زۆربەی هەرە زۆریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە.

 

دەرکرانی زیاتر لە ١٦٥٠ کرێکاری کورد

 لەماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٦٥٠ کرێکاری کورد لە لایەن بەرپرسەکانیانەوە لە سەر کار لادراون.

بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی “هەنگاو” لەماوەی ساڵی ڕابردوودا کانزای زێڕی زەرشورانی تیکاب ٢٠٣ کرێکار، شارەوانیی مەریوان ١٥١ کرێکار، کارگەی دەسکێشی حەریری ئورمیە ٥٠٠ کرێکار، کارگەی تێکۆشینی سنە ٠ کرێکار، کارگەی ڕۆژان غەربی سنە ٨ کریکار، کۆمپانیای گازی کرماشان ٨ کرێکار، پرۆژەی ئاو و خاکی پیرانشار ٥٠ کرێکار، پاڵاوگەی نەوتی ئیلام ١١ کرێکار، کارگەی قەندی سەقز ١٣٠ کرێکار، کوشتارگەی سپید مورغی ئەیوان ٢٢٥ کرێکار، بریکاری ئێران خودرۆ لە مێهران ٢٠ کرێکار و کۆمپانیای گواستنەوەی ئاوی سیروان ٢٥٠ کرێکاریان لە سەر کارەکانیان دوور خستووەتەوە.

 

دەستبەسەر کرانی ٣٢ چالاکی کرێکاری و کۆڵبەر

لەماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی “هەنگاو”، لە سەر یەک ٣٢ چالاکی کرێکاری، کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

لەو ڕیژەیە ٨ کەسیان چالاکی کرێکاری بوون و ٢٤ کەسی دیکەش کۆڵبەر و کاسبکار بوون.

هەروەها دادگاکانی حکومەتی ئێران حوکمی ١٤ مانگ بەندکرانیان بەسەر دوو هاووڵاتیی کورددا سەپاندووە.

 

کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە ناوی سەرچاوە (هەنگاو) ڕێگەپێدراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە