ڕاگەیاندراوی ئۆفیسی یاسایی هەنگاو سەبارەت بە کوژرانی یاسر مەنگوڕی

٢٤ خەرمانان ٢٧٢١، ٢١:٤٠

 

دوای ئەوەی هەنگاو هەواڵی کوژرانی یاسر مەنگوڕی، لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئورمیە بڵاو کردەوە، بەرپرسانی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئیران ئەگەرچی بە فەرمی کوشتنی یاسر مەنگوڕییان وە ئەستۆ گرت بەڵام ڕایانگەیاند ناوبراو لە پێکدادانێکی چەکداریدا کوژراوە.

هەر لەمبارەیەوە ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای دادوەریی ئێران (میزان)، ڕایگەیاندووە: "دوابەدوای بڵاو بوونەوەی هەواڵێک لە لایەن ڕاگەیاندنە دوژمنکارەکانەوە سەبارەت بە مردنی کەسێک بە ناوی یاسر مەنگوڕی بە دەستبەسەری و لەژێر ئەشکەنجەدا، سەرۆکی گشتیی دەزگای دادی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا (ئورمیە) بە ڕەت کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی پێمان گەیشتووە، کەسی ناوبراو ئەندامی چەکداری گرووپێکی تیرۆریستی بووە و لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا لە پێکدادانێکی چەکدارانەدا کوژراوە".

هەر لەمبارەیەوە و یەکێک لە ئەندامانی بنەمالەی مەنگوڕی بانگەشەکەی دەزگای دادوەریی ڕەت کردەوە و بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "بنەماڵەی مەنگوڕی ڕۆژی سێشەممە سەردانی پزیشکی دادی پیرانشاریان کردووە بەڵام هیچ جۆرە بەڵگەنامەیەکی نووسراوی یاسایی سەبارەت بە ئەنجامەکانی توێکاری جەستەی کوژراوەکەیان پێشان نەدراوە و تەنیا بە سەرزارەکی ڕایانگەیاندووە یاسر بە هۆی بەرکەوتنی ٢٢ فیشەک گیانی لەدەستداوە". ئەم سەرچاوەیە کە شوناسی لە لای هەنگاو پارێزراوە ڕاشیگەیاند: "لە پزیشکی داد بە بنەماڵەی مەنگوڕییان وتووە ئێمەش تەرمەکەیمان نەدیتووە."

پێویستە جەخت بکەینەوە کە یاسر مەنگوڕی بە گوێرەی لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی هەنگاو، کەسایەتییەکی ئاسایی بووە و وەک پێشتریش لە هەواڵەکانی هەنگاودا هاتووە، ناوبراو، شەوی ٢٦ پووشپەڕ کاتی دەرچوون لە ماڵی خۆیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. هەروەها دەبێ دیسان جەخت بکەینەوە کە ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا چەکدار نەبووە و مردنی ئەو لە کاتی دەستبەسەربوونی نایاساییی ناوبراودا، بە هۆی ئەشکەنجەی هیزە ئەمنییەکانەوە بووە.

هەر لەمبارەیەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پاراستنی تەندروستیی کەسی دەستبەسەرکراو لە ئەستۆی ئەو دامەزراوەیەیە کە ئەوی دەستبەسەر کردووە و هەروەها تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر لە کاتی دەستبەسەرکران تا کاتی ڕاگەیاندنی مەرگی یاسر مەنگوڕی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری ئورمیە، ڕادەست نەکردنەوەی تەرمەکەی کە بە هۆی هەبوونی ئاسەواری ئەشکەنجە لەسەر جەستەیەتی، هەنگاو، لایەنە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران (وەزارەتی ئیتلاعات) بە هاوکاریی دەزگای دادوەریی ئەم وڵاتە بە بەرپرسیاری کوژرانی یاسر مەنگوڕی دەزانێ. هەر بۆیە داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و توێکاریی جەستەی یاسر مەنگوڕی بە شێوەی بێ لایەن دەکەین.

ئۆفیسی یاساییی هەنگاو

١٥ی سێپتامبەری ٢٠٢١


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە