یاسر مەنگوڕی بەندکراوی سیاسی کورد لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە نزیکەی دوو مانگ پێش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دە

٢١ خەرمانان ٢٧٢١، ١٥:٠٧

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە نزیکەی دوو مانگ پێش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، یاسر مەنگوڕی، هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی پیرانشار کە نزیکەی دوو مانگ پێش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییەدا گیانی لە دەست داوە و ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی خەرمانان (١٣ی سێپتامبر) ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی ناوبراو بەڕێوە دەچێت. جێگای ئاماژەیە کە هەتا ئێستا تەرمی ناوبراو ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مەنگوڕی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: “ ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٨ی سێپتامبری ٢٠٢١) ئیتلاعاتی سپای ئورمیە پەیوەندی بە بنەماڵەی یاسر مەنگوڕی کردووە و پێیانی ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەتان گیانی لە دەست داوە”.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا وتی: “ناوەندە ئەمنییەکان وتوویانە کە ناوبراو لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان  کوژراوە”.

ئەم ئیدعایە لەکاتێکدایە کە یاسر مەنگوڕی شەوی شەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١٧ی جولای ٢٠٢١) کاتێک لە ماڵەکەی خۆی چووەتە دەرەوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گوازراوەتەوە.

یاسر مەنگوڕی کوڕی مستەفا خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەرەکەشی بێبەش بووە.

بە پێی ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠١٧ هەتا سێپتامبری ٢٠٢١ لانیکەم ٢٣ بەندکراوی کورد لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە کە ١٥ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە