ڕاگەیەندراوێ ٥ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەر بەدیل گیرانی دوو پێشمەرگەی پاک

هەنگاو: پێنج ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندروێک وێڕای شەرمەزارکردنی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرە ملی دوو پێشمەرگ

٢٠ گەلاوێژ ٢٧١٨، ١٠:٥٢

 

هەنگاو: پێنج ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندروێک وێڕای شەرمەزارکردنی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرە ملی دوو پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) داوای ڕەچاوکردنی مافەکانی ئەو دوو بەندکراوە کوردە دەکەن.

 

دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکە بە شێوەی خوارەوەیە؛

هۆشمەند عەلپوور و محەمەد ئوستاد قادر دوو ئەندامی حیزبێکی کوردستانی ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژی ٢٧١٨ (١٣٩٧ی هەتاوی) دەستبەسەر و ئێستا لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانن.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە گەیشتوو ئەو دوو پێشمەرگەیەی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بە ناوەکانی هۆشمەند عەلیپوور (سمکۆ)، خەڵکی سەردەش و محەمەد ئوستاد قادر (ئاوارە) خەڵکی سەقز ڕۆژی هەینی دەستبەسەر کراون و لەژێر گوشاردان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی.

ئەمە لاحاڵێکدایە کە سەرچاوەکانی هەواڵ جەختیان کردووەتەوە کە ئەو  دوو کەسە لەکاتی دەستبەسەر کران کەوتوونەتە بەر لێدان و کوتانی هێزە ئەمنییەکان و لەژێر گوشار و ئەشکەنجە ناچاریان کردوون کە مل بۆ دانپێدانانی تەلەویزیۆنی بدەن.

بە سەرنجدان بە یاسای ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆنوانسیۆنە جیهانییەکان لە سەر جێبەجێ کردنی بنەماکان و ڕەچاوکردنیان لەسەر بەندکراوانی سیاسی، پیویستە چەند خاڵ لەسەر پاراستنی گیانی ئەو دوو بەندکراوە ڕەچاو بکرێت؛

 

۱- ئەو دوو بەندکراە دەبێ هەتا کاتی کۆتایی چارەسەریی پزیشکی و بە دەستهێنانەوەی تەندروستیی خۆیان، لە ژێر چاوەدێریی پزیشکدا بن. جیا لەمە هەر کردەوەیەک بە مانای ئەشکەنجەی جەستەیی ئەوان دەبێت.

۲-  پێویستە ئیزن بدرێت کە بنەماڵەکانیان چاویان پێیان بکەوێت و لە باری تەندروستییان دڵنیا ببنەوە.

۳-  لە هەر چەشنە ئەشکنجە جەستەیی و دەروونی کە یەکێک لەو خاڵانەیە لە کۆڕە جیهانی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا قەدەغە کراوە، خۆ ببوێرن.

۴- پێویستە کە ئەو دوو بەندکراوە لەلایەن کەس یان کەسانێکی بێ لایەنەوە بپارێزرێن و لە دادگاییەکی ئاشکرا دادگایی بکرێن و ئەوانیش مافی بەرگری کردنیان لە خۆیان هەبێت.

ئێمە وەکوو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە هەموو ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و هەوەها چالاکانی مافی مرۆڤ دەکەین، هەوڵەکانی خۆیان بۆ ڕزگارکردنی ئەو دوو بەندکراوە سیسییە کوردە و باقی بەندکراوانی سایسی کورد بخەنە گڕ و هاوکات حکومەتی ئێران و هەموو دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بە بەرپرسی گیانی ئەو دوو بەندکراوە دەزانین.

 

ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی کوردستان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

کەمپەینی بەرگریلە بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی

ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان.

 

١١ی ئاگۆستی ٢٠١٨


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە