ژنە پارێزەرێکی کورد لە تاران دەستبەسەر کرا

هەنگاو: ژنە پارێزەرێکی خەڵکی کرماشان کە پێشتر حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری تاران دەستبەسەر و ڕەوانەی

٥ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١١:٣٧


هەنگاو: ژنە پارێزەرێکی خەڵکی کرماشان کە پێشتر حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری تاران دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو، سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٣ی مەی ٢٠٢٠)، دوای ئەوەی بانگ کرا بۆ لقی ٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران و دوابەدوای دانیشتنی دادگا کە پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی دادگای بەرایی لێکەوتەوە، لەکاتی بەجێ هێشتنی بینای دادگا لەلایەن هێزەکانی بنکەی ساروڵڵای سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازراوەتەوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران لەکاتی دەستبەسەر کردنی سوهەیلا حیجاب ناوبراویان داوەتە بەر لێدان و کوتان و تەنانەت ئەوەی لە پێشتر لێپرسینەوەی لێ کردووە قژی کێشاوە بە سەر شەقامدا ڕایکێشاوە و دواتر بە زۆر خستوویانەتە ناو ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و بردوویانە.


ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٨ی مارسی ٢٠٢٠)، سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مەقیسە حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

ئەو چالاکە مەدەنیە بە چەندین تۆمەت وەکوو ”پڕووپاگەندە دژی نیزام“، ”گردبوونەوەی نایاسایی“، ”تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە“، ”دروستکردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان“ و ”داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئیران“ سەرجەم حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە.

بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، زیاترین حوکمی سوهەیلا حیجاب کە پێنج ساڵ بەندکرانە و ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت کە بە تۆمەتی گردبوونەوەی نایاسایی بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.

سوهەیلا حیجاب ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ی جۆزەفدانی ٢٧١٩ (٦ی ژوئیەی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر و دوای ٨ مانگ بەندکران ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەممە (١٤ی مارسی ٢٠٢٠) بە دانانی بارمتەی سێ مییلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.


ئەو پارێزەرە کە ٣٠ ساڵانە، مانگی بەفرانباری دوو ساڵ پێش (١٣٩٧ی هەتاو) دەستبەسەر و دواتر لەلەن دادگای شۆڕشی شیراز حوکمی ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و دوای تێپەڕاندنی پێنج مانگ بە مەرج لەبەندیخانە ئازاد کرا. ناوبراو ١٠ ڕۆژ دوای ئازاد بوونی بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە