کامێران/ سێ کەس حوکمی ٨ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپا

هەنگاو: دوایی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای ١٠ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی و ئەندامانی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی، حوکمی سێ کەسیان ڕاگەیەندراوە.

٧ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ٢١:٠٦


هەنگاو: دوایی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای ١٠ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی و ئەندامانی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی، حوکمی سێ کەسیان ڕاگەیەندراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆژی ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠(٢ی ژوئیەی ٢٠٢٠) دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی ١٠ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی و بەشێک لە ئەندامانی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی لقی کوردستان لە لقی یەکەمی دادگای شۆرشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بەڕێوەچووە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو حوکمی بەندکرانی سێ کەسیان ڕاگەیەندراوە.

بە پێی ئەو حوکمە، ئامانج قوربانی رۆژنامەنووس و فەرمانبەری ئیدارەی ژینگەپارێزی کامیاران حوکمی ٣ مانگ و یەک رۆژ بەندکران، فازل قەیتاسی ئەندامی حیزبی وەحدەتی میللی حوکمی ٢ مانگ بەندکران و پەنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و سیروان قوربانی ئەندامی بەڕێوەبەریی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی حوکمی ٣ مانگ بەندکران و ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپاوە. بە پێی حوکمەکە ماوەی دەستبەسەرکرانی پێشوو بۆ ئەم چەند کەسە هەژمار دەکرێت.


ئەو سێ کسە لەگەڵ ٧ هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی بەختیار کەمانگەر، هادی کەمانگەر، عیسا فەیزی، مێهدی قوبادی، ڕاشد مونتەزەری، خالید زەمانی و فەرزاد حوسێنی بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات” لە ڕێگەی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دادگایی کرابوون. ئەو ٧ هاووڵاتییە تا ئێستا حوکمەکانیان پێ ڕا نەگەیەندراوە و لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا پێیان ڕادەگەیەندرێت.

جێگای ئاماژەیە کە ئەو ١٠ هاووڵاتییە لە مانگی بەفرانبار و ڕێبەندانی ساڵی ٢٧١٨ (٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و لەئێستادا بە دانانی بارمتە لە دەرەوەی بەندیخانەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە