کوژران و بریندار بوونی ٢٢ کۆڵبەر لەمانگی ئاگۆستی ٢٠١٨ دا

هەنگاو: لەماوەی مانگی ڕابردووی زایینی، لانیکەم ٢٢ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٦٨٪ ئەو کۆڵبەرانە بە تەقەی.

١٠ خەرمانان ٢٧١٨، ١٣:٢٩

 

هەنگاو: لەماوەی مانگی ڕابردووی زایینی، لانیکەم ٢٢ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٦٨٪ ئەو کۆڵبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و یان بریندار بوون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لەماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠١٨ (مانگی ٨)، لانیکەم ٢٢ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە لەو ژمارەیە ٧ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٥ کەسیشیان بریندار بوون.

١٥ کەس لەو قوربانیانە کە دەگاتە ٦٨٪ کۆی قوربانییەکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و یان بریندار بوون.

لە کۆی ئەو ٧ کۆڵبەرەی کە گیانیان لە دەست داوە، ٦ کەسیان خەڵکی پارێزگای ئورمیە بوون کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژراون و کەسێکیشیان خەڵکی پارێزگای سنە بووە کە بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لە دەست داوە.

هەروەها، لەو ماوەیەدا، ١٥ کۆڵبەر بریندار بوون کە ٩ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون، ٥ کەسیان بە هۆی تەقینەوەی مینەەوە و کەسێکیشیان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بووە.

٦ کەس لەو کۆڵبەرانەی کە بریندار بوون خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ٥ کەسیان خەڵکی پارێزگای سنە، ٣ کەسیان خەڵکی پارێزگای کرماشان  بوون و کەسێکیشیان خەڵکی پارێزگای سلێمانی باشووری کوردستان بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە