کوژرانی ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە هۆی کێشەی ئابووری لە سونقوڕ

هەنگاو: ژنێکی گەنجی خەڵکی سونقوڕ و کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان دوای دەمەقاڵەیەک، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

١١ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ١١:٥٠

 

هەنگاو: ژنێکی گەنجی خەڵکی سونقوڕ و کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان دوای دەمەقاڵەیەک، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١)، ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری سونقور و کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی ئاسیە ئەکبەری تەمەن ٣٥ ساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی سەید نەبی حوسێنی تەمەن ٤٠ ساڵ کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هاوژینی ئاسیە ئەکبەری بە دار لەسەری ژنەکەی داوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. بکوژ چەند کاتژمێر دوای ئەم ڕووداوە لەلایەن هێزەکانی پۆلیس دەستبەسەر کراوە.

دوای بەدواداچوونەکانی هەنگاو، دەرکەوتووە کە ئەم ژن و مێردە خەڵکی گوندی “یوسفجێرد” سەر بە ناوچەی باوەڵێ لە شاری سونقورن و بە هۆی ئەوەی نەیانتوانیوە پارەی بیمەی تایبەت بە قوتابیان لە کاتی ناونوسکردنی منداڵەکانیان لە قوتابخانە دابین بکەن، بووەتە دەمەقاڵەیان و لە کۆتاییدا ژنەکە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە.

یەکێک لە دانیشتوانی ئەم گوندە لەمبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند:’ سەید نەبی حوسێنی نەخۆشینی (گەشکە)ی هەبووە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردووا سەرقاڵی کرێکاری بووە، بە هۆی نەخۆشینەکەیشی هیچ ئیدارەی و ناوەندیکی حکوومی دایاننەمەرزاندووە. ناوبراو دوای ئەوەی پەتای کۆرۆنا بڵاو بووەتە نەیتوانیوە هیچ کارێک پەیدا بکا و بەردەوام بێکار بووە و تەنانەتنەیتوانیوە خەرجی ژیانیان دابین بکات.

شایانی باسە ئاسیە ئەکبەری دایکی دوو منداڵەی تەمەن ١٣ و ١١ ساڵان بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە