کچێکی دێولانی بە دەستی براکەی کوژاوە، بکوژ دوای حەفتەیەک ئازاد بووە

هەنگاو: کچێکی لاوی خەڵکی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە، لەلایەن براکەیەوە کوژراوە.

١٩ جۆزەردان ٢٧١٩، ١٨:٢٣

 

هەنگاو: کچێکی لاوی خەڵکی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە، لەلایەن براکەیەوە کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی (٣ی جۆزەردانی ٢٧١٩ / ٢٤ی مەی ٢٠١٩)، کچێکی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی گوندی ”سیس“ سەر بە شاری دێولان بە ناوی ”ئەسرا کەریمی“ لەلایەن براکەیەوە کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، برای ئەسرا دوای ئەوەی کە ئاگادار بووە خۆشکەکەی کوڕێکی خۆش دەوێ و دەیهەوێ شووی پێ بکات، پەلاماری ئەسرای داوە و خنکاندوویە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، سەرەتا بنەماڵەی ئەسرا وتوویانە کە ناوبراو بە هۆی جەڵتەی دڵ گیانی لە دەست داوە، بەڵام دوای ئەوەی ڕاپۆرتی پزیشکی یاسایی دانی بە خنکانی ئەسرا نابوو، هێزە ئینتزامییەکان برای ئەسرایان دەستبەسەر کردووە.

براکەی ئەسرا تەنیا یەک حەفتە دەستبەسەر بووە و دوای یەک حەفتە بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

 

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە