کچە کوردێک بە دەستی بنەماڵەی خەزووری ئاگر درا

کچە کوردێک بە دەستی بنەماڵەی خەزووری ئاگر درا

20:09 - 22 July 2019

 

هەنگاو: کچێکی لاوی خەڵکی ئورمیە دوای پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵم کوڕێکی خەڵکی میاندواو لەلایەن بنەماڵەی خەزووریەوە ئاگر لە جەستەی بەردرا و گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کچێکی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی ئورمیە بە ناوی “شیبا کامران” کچی قاسم ڕۆژی هەینی (٢٨ی پووشپەڕی ٢٧١٩ / ١٠ی ژوئیەی ٢٠١٩)، لە نەخۆشخانەی “خومەینی” شاری ئورمیە بە هۆی سووتان و زۆر بوونی ڕێژەی سووتانەکەی گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری هەنگاو لە ئورمیە ڕایگەیاند کە شەیبا کوردی ئورمیە بووە و نزیەکی ٤٠ ڕۆژ پێش ڕەدووی کوڕێکی خەڵکی میاندواو کە لە ئازەری (تورک)ەکانی ئەو شارە بووە، کەوتووە.

باوک و دایکی ئەمیر کە دژی زەماوەندی ئەوان بوون، هەر لە سەرەتاوە دەستیان کردووە بە ئازار و ئەشکەنجەی شیبا و تەنانەت جارێکیش سەریان شکاندووە و سکاڵای شیباش لە پاسگای گەڕەکەکیان هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی  شیبا لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە: “باوک و دایکی هاوژینەکەی شیبا کە تورکی میاندواو بوون، ماوەیەک پێش دوای ئەوەی داویانەتە بەر لێدان و کوتان بەنزینیان ڕشتووەتە سەر جەستەی و ئاگریان داوە”.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا وتی کە، بنەماڵەی ئەمیر ویستوویانە کە وا بنوێنن شیبا خۆی سووتاندووە، بەڵام شیبا بە جەستەی ئاگرینەوە خۆی خستووەتە دەرەوەی حەوشەو دراوسێکانی ئاگادار کردووەتەوە.

ئەو باوک و کوڕە بە ناوەکانی “باباعەلی” و “ئەمیر” دوای ئەوەی دراوسێکانیان شیبایان گەیاندووە نەخۆشخانە هەڵهاتوون و هەتا ئێستا دەستبەسەر نەکراون.