ئیبراهیم عیساپوور پاش ١٠ ساڵ بەندکران لە بەندیخانە ئازاد بوو

هەنگاو: بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەردەشت، لە پاش کۆتایی هاتنی ماوەی ١٠ ساڵ بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد بوو.

٨ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ٢٣:٤٨

 

هەنگاو: بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەردەشت، لە پاش کۆتایی هاتنی ماوەی ١٠ ساڵ بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد بوو.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٢٧ی ژانویەی ٢٠٢١) ئیبراهیم عیساپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد، لە پاش تێپەڕاندنی ٩ ساڵ و هەشت مانگ لە ماوەی سزای ١٠ ساڵەی بەندکرانەکەی، بە وەرگرتنی مۆڵەتی کۆتایی بەندکرانەکەی، لە بەندیخانە ئازاد بوو.

ئیبراهیم عیساپوور ڕۆژی شەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧١١ (٩ی جولای ٢٠١١) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سەردەشتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧١٢ (١١ی ئاپریلی ٢٠١٢)، لەگەڵ سیروان نژاوی، بە بێ هەبوونی مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەوادی کیا" بە تۆمەتی "دژایەتی کردنی خوا" لە ڕێگای ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک)، سزای لە سێدارەدانی بۆ بڕایەوە.

ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧١٥ (١٨ی فێبڤریەی ٢٠١٥) بۆ بەندیخانەی تەورێز دوورخرانەوە. ئیبراهیم عیساپوور لە کۆتاییی جۆزەردانی ٢٧١٥ (ژوئەنی ١٠١٥) دیسان گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و سزای لەسێدارەدانی سیروان نژاوی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧١٥ (٩ی ئاگوستی ٢٠١٥) لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا.

لە ساڵی ٢٧١٥ (٢١٥)دا پاش ڕەزامەندیی دیوانی باڵای دادوەریدا سزاکەی عیساپوور شکا و دواتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بۆ یازدە ساڵ بەندکران کەم کرایەوە. بە جێبەجێ کردنی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، زۆرترین سزا واتا ١٠ ساڵ زیندانی لەسەر جێبەجێ کرا.

 

کاتی ئازاد بوونی ئیبراهیم عیساپوور لە بەندیخانەی ئورمیە

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە