برینداربوونی منداڵێکی کۆڵبەر لە سنووری سەردەشت

١٥ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٢٢

هەنگاو: هەینی ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

منداڵێکی کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت بە ناوی محەممەد ئالی تەمەن ١٥ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار و بە هۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە گواسترایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤) ٣ی جولای ٢٠٢٤ (، هێزە چەکدارەکانی ئێران جێگیر لە سنووری «گوڕە شێر» ی سەردەشت تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی تەمەن ١٥ ساڵ بە ناوی محەممەد ئالی بە سەختی بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەد ئالی لە پشتەوە دراوەتە بەر دەستدرێژی گوللە و گوللەکە دوای ئەوەی جەرگی پێکاوە، لە بەشی زکیەوە دەرچووە و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو منداڵە کۆڵبەرە جەرگی لەدەست داوە.

محەممەد ئالی بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە گواستراوەتەوە و ئێستا لە ژێر چاودێریی پزیشکیدایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە