ڕاپۆڕتێک لەسەر برینداربوونی لانی کەم ٩ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان

١١ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢٣:٢٠

هەنگاو؛ سێشەممە ١١ بانەمەڕی ٢٧٢٤

لانی کەم ٩ کۆڵبەر بە ناوەکانی ساسان محەممەدی، نیما ئەڵماسی، محەممەد محەممەدی، ماهان مورادی و سێ کۆڵبەری دیکە کە ناسنامەیان بەدواداچوونی بۆ دەکرێت لە کاتی کۆڵبەرییدا لە سنوورەکانی نەوسوود و مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار کران.

بەپێ ڕاپۆڕتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی دووشەممە ١٠ بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ژمارەیک کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود لانی کەم هەشت کۆڵبەر کە ناسنامەی پێنج کەسیان بە ناوەکانی محەممەد محەممەدی خەڵکی "شۆشمی" سەر بە پاوە، ئەیووب هاشمی خەڵکی مەریوان، خەلیل محەممەدی و نیما ئەڵماسی هەر دوویان خەڵکی سەلاس باوەجانی، ماهان مورادی ١٧ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ ئاشکرابووە، بریندار بوون و بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی نەوسوود ڕاگوێزڕاون.

بە وتەی سەرچاوەکانی ئاگادار، نیما ئەڵماسی بە چەکی ساچمەیی لە بەشی دەست، بندەست و پشت بە سەختی بریندار بووە.

هەروەها، نیوەشەوی چوارشەممە ٥ی بانەمەڕ (٢٤ی ئەپریل)، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی ساسان محەممەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بانە لە سنووری "قامیشلە" سەر بە شاری مەریوان بە چەکی جەنگی ئەو چەکدارانە بە سەختی بریندار کراوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی ئاگادار، ساسان محەممەدی لە بەشی دەستی چەپ و کڵۆک بە دوو گوللەی کڵاشینکۆف پێکراوە کە گوللەکە دوای پێکران بە کڵۆکی لە سکیەوە درەچووە.

ئەم کۆڵبەرە سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ هێشتا توانای جووڵاندنی دەست و قاچی بە دەست نەهێناوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە