برینداربوونی لانی کەم پێنج کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە
هەنگاو؛ شەممە ١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
لانی کەم پێنج کۆڵبەر بە ناوەکانی محەممەد ڕەحیمی، موعین شەریفی، محەممەد، سەعید و کەیوان دارابی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندار کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٣١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ژمارەیەک کۆڵبەر، سێ کەس بە ناوەکانی موعین شەریفی تەمەن ٢٤ ساڵ و محەممەد (ناوبانگ نادیار) هەردووکیان خەڵکی جوانڕۆ و سەعید (ناوبانگ نادیار) خەڵکی گوندی سەفیاوا سەر بەو شارە، لە سنووری نەوسوودی پاوە دەست و لاقیان بریندار کراوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٨ی ئەپریل)، کەیوان دارابی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لاقی بەسەختی بریندارکرا و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەقز گواسترایەوە.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئەپریل)، محەممەد ڕەحیمی، کۆڵبەری لاوی خەڵکی سەقز لە کاتی ڕاوەدوونانی ژمارەیەک لە کۆڵبەران لەلایەن هێزە چەکدارەکان لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بەهۆی بەربوونەوە لاقی بریندار بوو.