برینداربوونی ناسیح خودایی، کۆڵبەری خەڵکی بانه بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
کۆڵبەرێک بە ناوی ناسیح خودایی، خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارەدا بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١١ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، هێزەکانی هەنگی سنووریی جێگیر لە سنووری «سوورکێو»ی بانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لە دەستەیەک لە کۆڵبەران کردووە و لەم نێوەندەدا، ناسیح خودایی، کۆڵبەری تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی بانەیان لە بەشی قاچەوە پێکراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە هەنگاوی ڕایگەیاند: "ناسیح خودایی بەهۆی بەرکوتنی گوللەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە بەشی قاچەوە بە سەختی بریندار بووە. ناوبراو دەستبەجێ لەلایەن خەڵکی ناوچەکە و کۆڵبەرانی دیکەوە بە مەبەستی چارەسەری بەپەلەی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەییووبیی بانە گوازراوەتەوە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە."
ناسیح خودایی، خێزاندار و باوکی منداڵێکە کە بەهۆی نەبوونی هەلی کاری گونجاو و جێگیر لە کوردستان، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی خۆی ناچار بووە ڕوو لە پیشەی تاقەتپڕووکێنی کۆڵبەری بکات.