شەهریار بەیات بەندکراوی سیاسی بە تۆمەتی "سب النبی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

١٣ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٦:١٣

هەنگاو؛ دووشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

شەهریار بەیات، بەندکراوی سیاسی و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی "سب‌النبی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکەدا سزای ١٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و نزیک بە یەک ساڵ و شەش مانگی ڕابردووی بە دەستبەسەرکراوی تێپەڕ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەهریار بەیات، بەندکراوی تەمەن ٦٤ ساڵی خەڵکی شاری شەهریاری سەر بە پارێزگای تاران، لەلایەن لقی ١٣ی دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای تاران، بە تۆمەتی "سب‌النبی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو سزایە لەسەر بنەمای بڵاوکردنەوەی وێنە و پۆست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن شەهریار بەیاتەوە و بەپێی ڕاپۆرتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای تاران لەسەر لێپرسینەوەکان و ناوەڕۆکی مۆبایلی شەهریار بەیات، بەسەریدا سەپێندراوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە سەپاندنی ئەو سزایە سەعید شەرافەتی و عەلی تەقیان، دوو ڕاوێژکاری دادگای تاوانەکان بە ڕەتکردنەوەی "تۆبە" لەلایەن شەهریار بەیاتەوە دەنگیان بە لە سێدارەدرانی ناوبراو داوە و ئەبولقاسم مورادتەڵەب، ڕاوێژکارێکی دیکەی دادگا بە قەبوڵکردنی تۆبەکەی، سزای بەندکرانی بۆ ناوبراو بە تەواو زانیوە.

هەروەها، بەپێی پۆستێک کە ئارەش سادقی، بەندکراوی سیاسی پێشوو لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئیکسدا بڵاوی کردووەتەوە، شەهریار بەیات لە بەشی دووەمی دۆسیەکەی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕش بە تۆمەتی "سازکردنی گرووپ" سزای ١٠ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ" سزای ٥ ساڵ بەندکران، لەسەر تۆمەتی "بێڕێزیکردن بە خامنەیی و خومەینی" ٢ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" ١ ساڵ بەندکران و سەرجەم، سزای ١٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

ئارەش سادقی کە بۆ ماوەیەک لە بەندی ٢٠٩ی ئێڤین لەگەڵ شەهریار بەیات هاوژووری بوون لە درێژەی ئەو توییتەدا نووسیویەتی کە، "لە ڕەوتی لێپرسینەوەکان، ژمارەیەک وێنە و پۆست کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە بە ناوبراوەوە پەیوەندی دراون کە شەهریار بە ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە هیچ ناوەڕۆکێکی بەو شێوەی بەرهەم نەهێناوە و پەیوەندییەکیان بە لاپەڕەکانییەوە نییە."

شەهریار بەیات، ڕۆژی سێشەممە ٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شەهریار دەستبەسەرکرا و دوای ماوەیەک، بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە و لە ئاکامدا بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواستراوەتەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە