بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە؛ ڕامین زلە، بەندکراوی سیاسیی کورد، سزای سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
ڕامین زلە بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی نەغەدە لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو ٥٠٧ ڕۆژی ڕابردووی لە دەستبەسەریدا بەسەر بردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕامین زلە، خەڵکی نەغەدە، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر سیامی بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم سزایە لە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی فەرمی بە ڕامین زلە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ڕاگەیەندراوە.
شایانی باسە کە، دادگای ڕامین زلە دوای ساڵێک و ٤ مانگ و ١٩ ڕۆژ دەستبەسەری، تەنیا لە ماوەی چەند خولەکێکدا، بە شێوەیەکی ناڕوون و بەبێ دەستڕاگەیشتنی ئەم بەندکراوە سیاسییە بە پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی بەڕێوە چووە.
ڕامین زلە ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٢ی جوولای ٢٠٢٤)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری نەغەدە دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.