ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ سێیەم جار سزای سێدارەی بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ یەکشەممە ٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥
ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و دەستبەسەر لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، دوای دوو جار هەڵوەشانەوەی سزای سێدارەکەی لە دیوانی باڵا و ڕەوانەکردنی دۆسیەکەی بۆ لقی هاوتەریب، بۆ سێیەم جار لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٦ ساڵی کورد و خەڵکی ئورمیە، بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا. ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ بە سیداد شێرزاد، ئەمیر ڕەئیسیان و نیهاد ئێراندۆست، پارێزەرانی ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
سیداد شێرزاد، پارێزەری ئەم بەندکراوە بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە سەرەڕای دوو جار هەڵوەشانەوەی سزای سێدارەکە لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانەوە بەهۆی چەندین هۆکار، لە کاتێکدا بۆ جاری سێیەم سزای سێدارەی بۆ ئەم بەندکراوە دەرکردووەتەوە کە لە دادنامەی سێیەمیشدا کێشە و تێبینییە زۆرەکانی دیوانی باڵا و ئیستدلالەکانی لقی ٣٩ هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە و لقی دووهەمی شۆڕشی ئورمیە بایەخی پێ نەداون.
ناسر بەکرزادە پێشتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهینی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو کە سزاکە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشایەوە و بۆ لقی هاوتەراز لە دادگای شۆڕشی ورمێ گواسترابۆوە.
ناسر بەکرزادە هەروەها لە ڕێکەوتی ١٢ی گەڵاڕێزانی ٢٧٢٤، لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ئەم سزایە بە داواکاریی پێداچوونەوە هەڵوەشایەوە و لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بۆ لقی هاوشێوە ڕەوانە کرا.
ئەم تۆمەتبارە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمیە دەستبەسەر کرا و دوای چەند هەفتە بە "وەرگرتنی بەڵێننامە" بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣، جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمیە دەستبەسەر کرا و دوای چەند مانگ لێپرسینەوە لەژێر گوشاردا لە دەستبەسەرگەی ئەلمەهدیی سوپای ورمێ، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە.
ناسر بەکرزادە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردا بووە و لە مافە سەرەتایییەکانی خۆی وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.