سزای سێدارەی ئازاد شوجاعی بەندکراوی سیاسی کورد لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پەسەند کرا

هەنگاو؛ سێشەممە ١٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی ئازاد شوجاعی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری سەردەشت و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمییە کە پێشتر بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و "گواستنەوەی کەرەستە بۆ تیرۆر کردنی فەخریزادە" لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا بوو، لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەند کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی ئازاد شوجاعی بەندکراوی سیاسی کورد و کۆڵبەری تەمەن ٣٢ ساڵە و خەڵکی گوندی "دۆڵە گەرمە"ی شاری سەردەشت لەلایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵاوە بە دادوەری قاسم حوسەینی کوهکەمەری پەسەند کرا و بە پارێزەری ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
جێگای باسە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و لە ماوەی ٨ مانگی دەستبەسەر بوونی لە ژێر توندترین ئەشکەنجەدا بووە و لەژێر ئەشکەنجەدا تووشی دانپێدانانی زۆرە ملێ و قەبوڵکردنی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی بووە و دوای ٨ مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمییە گوسترایەوە.
ئازاد شوجاعی لەگەڵ دوو هاووڵاتی کوردی دیکە بە ناوەکانی ئیدریس ئالی خەڵکی شاری سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد خەڵکی شاری سلێمانی هەرێمی کوردستان، ڕەزبەری ٢٧٢٣ (سێپتەمبەری ٢٠٢٣) لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمییە بە دادوەری دادوەر قوربان شاهینی بە تۆماتی "سیخوڕی بۆ ئیسڕائیل" دادگای کراون و خەزەڵوەری هەمان ساڵ سزای سێدارەیان بە فەرمی پێ ڕاگەیندراوە.
پەسەندکردنی هەواڵی سێدارەی سێ بەندکراوی سیاسی کورد، ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، ساڵێک دوای سەپاندنی سزایەکە تەنیا چەند ڕۆژ دوای هێرشی نزامی تۆڵە کردنەوەی ئیسڕائیل بۆ پایگاکانی نزامی ئێران، لەلایەن وتەبێژی دادگای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەسغەر جەهانگیری، ڕاگەیەندراوە. ناوبراو بەبێ ئاماژە کردن بە ناسنامەکەیان، گوتی کە ئەم کەسانە لەگەڵ "سیخوڕ"ی کردن، خواردنەوە کحولییەکان و کەرەستەیان بۆ تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادەیان گواستۆتەوە.
ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە پوشپەڕی ساڵی ٢٧٢٣ (جوڵای ٢٠٢٣) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمییە گواسترابوونەوە.
ئەسغەر جەهانگیری لە کۆنفڕاسی میدیای خۆی ڕایگەیاندبوو لە ڕەوتی ئەم دۆسیە لایەنی کەم ٨ کەس دەستبەسەر کراون. کە سێ کەسیان لە قۆناغی یەکەمدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٩ی سێسەمبەری ٢٠٢٠)، هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی تیرۆری موحسین فەخریزادە مەهابادی گەمارۆی شاری بانەیان دابوو ماڵی هاووڵاتیانیان پشکنیبوو و زیاتر لە ٢٠ کەسیان دەستبەسەر کردبوو کە ئەو کات هەنگاو ناسنامەی ٩ کەسی بڵاو کردبۆوە.
موحسین فەخریزادە مەهابادی لە زانایانی ئەتۆمی ئێران، ڕۆژی هەینی ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠) لە ناوچەی ئاوساردی دەماوەند نزیک لە تاران تیرۆر کرا و کاربەدەستانی ئێرانی ئەو کات ئیسڕائیلیان بە ئەنجامدەری ئەم تیرۆرە ڕاگەیاند.