بەندیخانەی ئورمیە؛ ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد جارێکی دیکە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو؛ هەینی ۲۱ی خەرمانانی ۲۷۲۵
ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، جارێکی دیکە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. سزای سێدارەی ناوبراو پێشتر هەڵوەشێندرابۆوە و بۆ لقی هاوشێوەی لە دادگای شۆڕشی ئیسلامی گەڕێندرایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ناسر بەکرزادە، تەمەن ۲۶ ساڵ و خەڵکی ئورمیه لە لایەن لقی ۲ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهینی بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو سزایە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوای بانگکردنی ناسر بەکرزادە بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی ئورمیە بەشێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
ناسر بەکرزادە لە مانگی خەزەڵوەری ۲۷۲۴، لە لایەن لقی ۳ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو سزایە دوای پێداچوونەوە و لە لایەن لقی ۳۹ی دیوانی باڵای ئێران بۆ لقی هاوشێوەی گەڕێندرایەوە.
ئەو تۆمەتبارە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ساڵی ۲۷۲۳ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمیە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند حەوتوو بە "وەرگرتنی بەڵێننامە" و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
ناوبراو ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣ جارێکی دیکە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمیە دەستبەسەر کراوە و دوای چەند مانگ لێپرسینەوە لەژێر گوشار، لە ئاکامدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
ناسر بەکرزادە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردا داندرابوو و لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.