هەمەدان؛ جێبەجێکردنی سزای سێدارەی فەتحوڵڵا ئاوەری، لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار

١٣ جۆزەردان ٢٧٢٦، ١٢:٠٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی فەتحوڵڵا ئاوەری کە لە کاتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە هەمەدان دەستبەسەر کرابوو، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە ١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (٢ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی فەتحوڵڵا ئاوەری بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ هەبوونی مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کراوە. دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم هاووڵاتییە خۆپێشاندەرەی بە تۆمەتی "مۆحارەبە" لە ڕێگەی کوشتنی یەکێک لە هێزە حکوومەتییەکان بە ناوی «موحەممەدجەواد بەخشیان»، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە شاری هەمەدان بە سێدارە مەحکووم کردبوو.

ئاژانسی هەواڵی "میزان" ئەمڕۆ بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە کاتی پشکینینی شوێنی نیشتەجێبوونی فەتحوڵڵا ئاوەریدا، ئامرازی تاوانەکە و هەندێک جلوبەرگ کە لەگەڵ دیمەنی کامێراکانی چاودێریدا دەگونجێن دۆزراونەتەوە و ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتە پاڵدراوەکانی قبووڵ کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەنگاو هەمیشە نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە ڕەوتی دادگاییکردن، ئەگەری بەکارهێنانی ئەشکەنجە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ناوەندە ئەمنییەکان و بێبەشکردنی تۆمەتبارانی سیاسی و ئەمنی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە پێکهاتەی دادوەریی ئێراندا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەکارهێنانی دەستەواژەی وەک «کودەتا»، «ئاژاوە» و «ئۆباش» (چەقۆکێش) بۆ خۆپیشاندانی هێمنانە یان مەدەنیی هاووڵاتییان، زەمینەی پێویست بۆ دەستبەسەرکردنی بەربڵاو و دەرکردنی سزای قورس لەوانە سێدارە بۆ خۆپێشاندەران خۆش دەکات، تا لەم ڕێگەیەوە ترس و تۆقاندن لە ناو کۆمەڵگەدا دروست بکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان و دادگاییکردنی دادپەروەرانە، دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی و پێشێلکردنی مافی ژیان بە توندی شەرمەزار دەکات.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە