بەندیخانەی ئورمیە؛ هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی شاهین وەساف لە دەستبەسەركراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی

هەنگاو؛ سێشەممە ١٩ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی شاهین وەساف هاووڵاتیی كوردی خەڵكی سەڵماس و دانیشتووی ئورمیە كە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر و دواتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە لایەن دیوانی باڵاوە هەڵوەشێندرایەوە و بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە بۆ یەکێک لە لقەكانی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆكایەتی دادوەری نەجەفزادە كە پێشتر سزای سێدارەی بۆ ناوبراو دەركردبوو، نێردراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سزای سێدارەی شاهین وەساف تەمەن ٢٩ ساڵ و لە دەستبەسەركراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە ئورمیە، لە لایەن یەکێک لە لقەكانی دیوانی باڵای وڵات بە هۆی كەموكۆڕی لە لێكۆڵینەوەكان هەڵوەشێندرایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ لقی یەكی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆكایەتی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە نێردراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەكانی هەنگاو، هەڵوەشاندەوەی سزای سێدارەی ئەم بەندكراوە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥ (٧ی ئەپریلی ٢٠٢٥) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیێندراوە و دۆسیەی ئەم بەندكراوە لە داهاتوودا لە لایەن لقی ناوبراو لێكۆڵینەوەی لێ دەكرێت و سزای نوێ بۆ ئەم بەندكراوە دەر دەچێ كە ئەگەری دەرچوونی دووبارەی سزای سێدارە هەیە.
شایانی باسە كە، شاهین وەساف پێشتر لە لایەن لقی سێی دادگا شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆكایەتی هەمان دادوەر (دادوەر ڕەزا نەجەفزادە) لە دادوەرە بەدناوەكانی دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و سزای ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٣ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٣) بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیێندرابوو.
شاهین وەساف ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەگەڵ ئامۆزاكەی بە ناوی ناسر وەساف لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئورمیە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گواسترانەوە و دوای كۆتاییهاتنی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە گواسرانەوە. ناسر وەساف دوای نزیک بە ساڵێک لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد كرا.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو كە شاهین وەساف لە ژێر توندترین ئەشكەجەكاندا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی بووە و لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا لە مافی هەبوونی پارێزەری دیاریكراو بێبەش بووە.
شاهین وەساف لە كاتی دەستبەسەركرانەكەیدا لە مافی مورەخەسی بێبەش بووە و ئێستایش لە بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەندكراوە..