بۆ دووەمین جار سزای سێدارەی حاتەم ئۆزدەمیر بەندکراوی سیاسی کورد لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پشتراست کرایەوە

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٥
بۆ دووەمین جار داواکاری پێداچوونەوەبە سزای سێدارەی حاتەم ئۆزدەمیر، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی پارێزگای ئاگری لە کوردستانی تورکیا، کە لەبەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بۆ ماوەی ٢١٤٣ ڕۆژ دەستبەسەر کراوە، بە تۆمەتی "موحاربە" ڕەد کرایەوە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (١٠ی مەی ٢٠٢٥) دووەمین داواکاری پێداچوونەوەی سزای سێدارەی حاتەم ئۆزدەمیر بەندکراوی سیاسی تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی پارێزگای ئاگری لە کوردستانی تورکیە لەلایەن دادگای باڵای پێداچووەنەوە ڕەد کرایەوە و بە فەرمی بە ساڵح نیکبەخت پارێزەی ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندراوە.
ڕەتکردنەوەی داواکاری پێداچوونەوە بە سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە حاڵێکدایە کە دۆسییەکەی، بڕیاری کارناسی چەک، لێدوانی بەندکراو، شێوەی دەستبەسەرکران و ئامانجی رێکخراوەکەی لەلایەن پارێزەوە زیاد کراوە. یەکەم جار داوای پێداچوونەوە بە سزای سێدارەی حاتەم ئۆزدەمیر لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای وڵات، ڕەتکرایەوە.
حاتەم ئۆزدەمیر ١١ی پووشپەڕی ٢٧١٨ لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکانی سنووری چالدیران کەوتنە بۆسەی هێزەکانی بنکەی حەمزە سەیدوشوهەدای سوپای پاسداران و حاتەم ئۆزدەمیر لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی چەکداری و تۆپبارانی ناوەچەکە لە کاتێکدا بە گوللەی خومپارەی ئەم هێزانە بریندار کرابوو، دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی قەرارگای ڕەمەزانی سپا لە ئورمیە گواسترایەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش نزیکەی ٥٠ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان لەم دەستبەسەرگەیەدا لە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧١٨ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترا و ١٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢١، پاش ٣٣ مانگ لە دەستبەسەرکردنی کاتی و زەوتکردنی مافی دانانی پارێزەر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی خۆی بە تۆمەتی "بەغی" بە سزای لەسێدارەدان و بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستی" سزای ٥ ساڵ بەندکران بەسەریدا سەپێنرا.
دوای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بڕیارەی دەرکراوی دۆسیەکەی بۆ تانەدان ڕەوانەی دادگای باڵای وڵات کرا و لە مانگی ڕەشەممەی ٢٧٢٢دا سزای لەسێدارەدانی لەلایەن لقی ٩ی دادگای باڵا بە سەرۆکایەتی "قاسم مەزینانی" هەڵوەشێنرایەوە و بۆ دووبارە پشکنین ڕەوانەی لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە کرا.
دانیشتنی دادگای ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە ڕۆژی ٤ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە لقی ئاماژەپێکراو بەڕێوەچوو و لە ٣٠ی بانەمەڕ سزای سێدارەکەی لە بەندیخانەی ئورمیە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.
شایانی باسە کە، ئەم بەندکراوە سیاسییە لەم ماوەیەدا سەرەڕای ئەوەی تووشی نەخۆشی بەردی گورچیلە بووە و پێداگریی پزیشکەکان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە خزمەتگوزاری دەرمانی بێبەش بووە.