سێزدەیەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی کەیوان ڕەشۆزاده لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

١٠ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٤:٠٥

هەنگاو؛ دووشەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

کەیوان ڕەشۆزادە بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئورمیە کە ماوەی سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە تێپەڕ دەکات، لە سێزدەیەمین ڕۆژی مانگرتنیدا بەسەر دەبات. ناوبراو لە ماوەی ڕابردوودا، لەژێر ئەشکەنجەدا بووە و سەرەڕای بارودۆخی دژواری تەندروستیی لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، کەیوان ڕەشۆزادە، لە حاڵێکدا سێزدەیەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی تێپەڕ دەکات کە لەم دوایییانەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان و سوکایەتی پێکردن.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە، ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕ لە ڕەوتی مانگرتنەکەی خۆی لە ژووری تاکەکەسییەوە بۆ بەندی ئەمنی بەندیخانە گواستراوەتەوە و ڕۆژی یەکشەممە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنی وشک، جارێکی دیکە بۆ ژووری تاکەکەسی گەڕێندرایەوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، کەیوان ڕوشۆزادە، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دژایەتی کردنی بەرپرسانی بەندیخانە لەسەر گواستنەوەی ناوبراو بۆ مەرەخەسی مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو لە ١٦٦٥ ڕۆژی پێشوودا (٤ ساڵ و ٧ مانگ) لە مافی مەرەخەسی بێبەش بووە.

کەیوان ڕەشۆزادە لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)، لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئومێد سەعیدی، کامران قاسمی، عەبدولعەزیز محەممەدپوور، نایب حاجیپوور لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ئورمیە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە گواسترانەوە.

دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو پێنج هاووڵاتییە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٢٠ لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر " عەلیشێخلوو" بەڕێوەچوو و ئەو پێنج هاووڵاتییە بە تۆمەتی کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگای "ئەندامبوون لە حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران" هەر یەک سزای ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزایانە دواتر بە جێبەجێکرانی ماددەی ٤٤٢ی ئایینی دادگاییکردنی تاوانەکان، بۆ سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە و ئەو پێنج بەندکراوە ئێستا بەبێ کەڵک وەرگرتن لە مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە سزای بەندکرانەکەیان تێپەڕ دەکەن.

شایەنی باسە کە کەیوان ڕەشۆزادە خێزاندارە و لە کاتی دەستبەسەربوونیدا تەنیا سێ مانگ لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیان تێپەڕ ببوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە