جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی ئەمیرعەلی میرجەعفەری، یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار

١ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٣:٤٣

هەنگاو؛ سێشەممە ١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

لە درێژەی شەپۆلی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی سیاسی، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، سزای سێدارەی یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە ناوی ئەمیرعەلی میرجەعفەری، کە بە تۆمەتی "ئاگردانی مزگەوتی گشتیی قولهەک" و "لیدەریی خۆپیشاندانەکان" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، بە شێوەیەکی نهێنی جێبەجێ کرا. بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە دەستپێکی شەڕی ئەم دواییانەوە تا ئێستا، لانی کەم ١٧ بەندکراوی سیاسی لەوانە ٨ کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار لە ئێران لەسێدارە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٢١ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی ئەمیرعەلی میرجەعفەری، لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار لە تاران، بە شێوەیەکی نهێنی و بێ مافی دوایین دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

ئاژانسی هەواڵی "میزان"، زمانحاڵی فەرمیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە کە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەمیرعەلی میرجەعفەری دوای پێداچوونەوە بە دۆسیەکە و پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە بووە. ئەم ئاژانسە ئاماژەی بە شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە نەکردووە، بەڵام هەنگاو زانیویەتی کە سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی دەکات کە ئەم هاووڵاتییە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا دەستی هەبووە لە "ئاگردانی مزگەوتی گشتیی قولهەک"، "لیدەریی کردەوە دژە ئەمنییەکان"، تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی لەوانە پاس و ماتۆر سیکلت، داخستنی شەقامەکان بە ئاگردانی تەنەکەی خۆڵ و هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان بە چەکی سارد؛ هەروەها لە ڕەوتی دادگاییکردنەکەیدا بە تۆمەتی "کردەوەی ئۆپەراسیۆنی بۆ ڕژێمی ئیسرائیل و دەوڵەتە نەیارەکان" و هاوکاری لەگەڵ ئەوەی کە بە "تۆڕەکانی سەر بە مۆساد" ناوبردووە ، سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمیرعەلی میرجەعفەری دوای دەستبەسەرکردنی و لە تەواوی ماوەی لێکۆڵینەوەدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر ئەشکەنجەی سەخت بووە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. شایانی باسە کە هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە پێشتر میدیایی نەکرابووەوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار، تەنیا سێ مانگ دوای دەستبەسەرکردنیان، پێشێلکارییەکی زەقی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پێوەرەکانی مافی مرۆڤە. ئەم پەلەپەلکردنە لە دۆسیەیەکی ناڕووندا، نیشانەی بەکارهێنانی ئامرازییانەی سزای مەرگ بۆ پێشخستنی سیاسەتی "تۆڵەسەندنەوەی سیاسی" لە ژێر سێبەری گرژییە ناوچەییەکان و بەتایبەت شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێرانە. ئەم جۆرە کردەوانە کە بە ئامانجی تۆقاندنی گشتی و بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و مافی بەرگریی تۆمەتبار ئەنجام دەدرێن، نموونەی ئاشکرای زەوتکردنی سەرەڕۆیانەی مافی ژیان و پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مەدەنی و سیاسییە.

پێشتر غوڵامحوسێن موحسنی ئەژەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە سزاکان بە خێرایی جێبەجێ دەکرێن و جەختی کردبووەوە کە تەواوی قۆناغەکانی پێداچوونەوە، لە دادسەرا و دادگاوە تا دیوانی باڵا، دەبێ بە شێوەیەکی تایبەت و بەبێ نۆرە ئەنجام بدرێن. ناوبراو هەروەها داوای نواندنی "ئەو وپەڕی لێبڕاوەیی" بەرامبەر بە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار و خێراکردنی پێداچوونەوەی دۆسیەکانیانی کردبوو.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە