سەقز؛ دەستبەسەرکرانی دووبارەی کەیوان ڕەحیمی، چالاکی میدیایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

١١ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٤:٥٢

هەنگاو؛ سێشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

کەیوان ڕەحیمی، لە چالاکانی کۆمەڵایەتی و میدیایی خەڵکی سەقز جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، کەیوان ڕەحیمی لەگەڵ براکەی کامران ڕەحیمی، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سەقز دەستبەسەر کران.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، کامران ڕەحیمی نزیک سێ کاتژمێر دوای دەستبەسەرکران، ئازاد کراوە بەڵام زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسی کەیوان ڕەحیمی لەبەر دەستدا نییە و بەوتەی ئەو سەرچاوانە ئەگەری گواستنەوەی ناوبراو بۆ دەستبەسەرگەی سنە لە ئارادایە.

کەیوان ڕەحیمی پێشتر لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، دوای پێداگری کردنی ناوبراو لەسەر چالاکییە مەدەنییەکانی هێرۆ قەدیمی، شێرکۆ حیجازی و ئازاد ئەمینی و داوای کۆتایی هێنان بە دەستبەسەرکردنی کاتیی ئەو هاووڵاتییانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە کەناڵی تێلێگرامی "پرسمان سقز" کە خۆی یەکێک لە بەڕێوەبەرەکانییەتی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە