کوژرانی ٢ کۆڵبەر و برینداربوونی ٤ کۆڵبەری دیکە لە سنوورەکانی نەوسوود و مەریوان

٦ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١١:١٩

هەنگاو؛ شەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەوڵاوا بە ناوی نازم سەفەری لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری نەوسوود و کۆڵبەرێکی خەڵکی گیەڵان بە ناوی ئیحسان نەورووزی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژران. ٤ کۆڵبەری دیکەش لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە دەستبەسەرکران و دراونەتە بەر لێدان و کوتان و بریندار کراون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٧ جولای٢٠٢٤)، هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە گوندی "دزاوەر" ی نەوسوود ژمارەیەک لە کۆڵبەرەکانیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا نازم سەفەری ٢٦ساڵە و خەڵکی گوندی "نوین" سەر بە شاری سەوڵاوا کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار دوو فیشەکی کڵاشینکۆف بەر سینگی ئەو کۆڵبەرە کەوتووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژ (٢٢ جولای)، لە سنووری مەریوان کۆڵبەرێک بە ناوی ئیحسان نەرووزی ٢٥ساڵە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژرا. ئەو کۆڵبەرە گەنجە خەڵکی شاری گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان بووە کە ڕۆژی هەینی ٥ی گەلاوێژ تەرمەکەی لە زێدی خۆی بە خاک سپێردراوە.

کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردووش، چوار کۆڵبەری خەڵکی گوندی دشە سەر بە شاری پاوە بە ناوەکانی محەممەد، بێهروز، دڵیار و حیسام، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە دەستبەسەر کراون و و دراوەنەتە بەر لپێدان و کوتان. ئەوکۆڵبەرانە بۆ چارەسەری ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە