دەستبەسەرکردنی ئیرەج محەممەدزادە، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری جوانڕۆ

١٩ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٧:١٦

هەنگاو: یەکشەممە، ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

ئیرەج محەممەدزادە، ڕۆژنامەنووس و چالاکێکی ناسراوی خەڵکی شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە خوێندکاری دکتۆرای زانستە سیاسییەکانە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، د. ئیرەج محەمەدزادە، ڕۆژنامەنووسی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆ، دوای ئەوەی کە لەلایەن دادگای ئەو شارە بە بڕیاری داواکاری گشتی بانگ کراوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە ڕۆژنامەنووس، چالاکانی ڕاگەیاندن، هەروەها بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی (تیتر غەرب) و خوێندکاری دکتۆرای زانستە سیاسییەکان لەیەکێک لە زانکۆکانی تاران، دوای دەستبەسەرکردنی بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی شاری کرماشان گواسترایەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیاری ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو، لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە