شیروان؛ مەترسیی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر خوێندکارێکی ناڕازی، تۆمەتی «موحاربە» دژ بە ئەمین پووفەرهەنگ
هەنگاو؛ هەینی ۱۰ی بەفرانباری ۲۷۲۵
ئەمین پوورفەرهەنگ، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری شیروان و خوێندکاری بواری دەرمانسازی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی مەشهەد، لە ڕەوتی ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانەدا لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ئێستا بە تۆمەتی موحاربە مەترسیی سەپاندنی سزای سێدارەی لەسەرە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەترسیی سەپاندنی سزای سێدارە بە تۆمەتی «موحاربە» بەسەر ئەمین پوورفەرهەنگ، هاووڵاتییەک کە لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانەدا لە شاری شیروان دەستبەسەر کراوە، لەئارادایە؛ تۆمەتێک کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە لایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە وەک ئامرازێکی سەرکوتی ناڕازییان بەکار هاتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمین پوورفەرهەنگ پێشتر خوێندکاری قۆناغی کارناسیی بواری ئەندازیاری کیمیا لە ساڵی ۲۷۱۱ لە زانکۆی شەریف بووە و ئێستا خوێندکاری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی مەشهەدە.
وەپاڵدانی تۆمەتی «موحاربە» دژ بە خۆپیشاندەرانی بێ چەک، جارێکی دیکە نیگەرانییەکانی لەسەر بەکارهێنانی سێدارە وەکوو ئامرازێک بە مەبەستی ترساندنی هاووڵاتییان و بێدەنگکردنی دەنگی خۆدیشاندەران زیاتر کردووە.