دەستبەسەرکرانی دوو برای کورد و خەڵکی ئاودانان لە ئیسفەهان
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥
دوو برای کورد و خەڵکی شاری ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەوانە منداڵێک بە ناوی ماھان هیممەتی تەمەن ١٧ ساڵ و نیما هیممەتی کە خوێندکارە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران. ناوبراوان کوڕی دکتۆر ناسر هیممەتی، دەروونناس، نووسەر و وەرگێڕن کە چەندین جار دەستبەسەر کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (١٨ی مارسی ٢٠٢٦)، نیما هیممەتی، خوێندکاری ماستەری ئێتنۆمووزیکۆلۆژی لە زانکۆی ڕەشت و ماھان هیممەتی، تەمەن ١٧ ساڵ و قوتابی پۆلی یازدەهەمی ڕشتەی فۆتۆگرافیک، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئەسفەهان دەستبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سەرنیشنەکانیئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کە چەکدار بوو بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری یان حوکمی دەستبەسەرکردن، ئۆتۆمبێلی ئەم دوو برایەیان لە یەکێک لە شاڕێگەکانی شاری ئیسفەهان ڕاگرتووە و بە بەکارهێنانی کەلەپچە و چاوبەست، بە زۆر سواریان کردوون و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.
دوای بەدواداچوونی بەردەوام، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیسفەهان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورتدا لەگەڵ بنەماڵەی هیممەتی، بێ ئاماژەدان بە هۆکاری دەستبەسەرکردن یان ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان، تەنیا ڕایگەیاندووە کە نیما و ماھان لە بەندی "ئەلف-ت" (دەستبەسەرگەی ئەمنی) لە بەندیخانەی دەستگردی ئیسفەهان ڕاگیراون.
شایانی باسە کە ئەم دوو برایە کوڕی دکتۆر ناسر هیممەتی، دەروونناس، نووسەر و وەرگێڕی ناسراون. ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار دەستبەسەر کراوە و دواجار هاوینی ئەمساڵ بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ پشتڕاستکردنەوە و دانپێدانان بە حکومەتی ئیسرائیل" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.