مەهاباد؛ دەستبەسەرکردنی میلاد مروەتی، خوێندکاری کورد لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ چوارشەممە ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
میلاد مروەتی، خوێندکاری بەشی یاسا و خەڵکی مەهاباد و بەڕێوەبەری کتێبفرۆشیی «هێڤی»، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (٢٨ی جولای ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بەبێ پێشکەشکردنی هیچ بڕیارێکی دادوەری، میلاد مروەتییان لە شوێنی کارەکەی لە کتێبفرۆشیی «هێڤی» دەستبەسەر کردووە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکوومەتییەکان هاوكات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی میلاد مروەتی، شوێنی کارەکەیان بە تەواوتی پشکنیوە و دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی وەک لپتۆپ و ئامێرە ئۆلیکترۆنییەکانیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، دامەزراوەی دەستبەسەرکەر، تۆمەتە پاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم خوێندکارەی زانکۆی ئازادی مەهاباد زانیارییەک لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بێئاکام ماوەتەوە.