سەرپێڵی زەهاو؛ دەستبەسەرکران و درانە پاڵی تۆمەتی ئەمنی بەسەر لوقمان قەنبەری، نووسەری ناسراوی کورد

٢١ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١١:٢٢

هەنگاو؛ سێشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

دکتۆر لوقمان قەنبەری، نووسەر و وەرگێڕی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و لەژێر ناوی تۆمەتی ئەمنیەتی لێپرسینەوەی لێکرا. ناوبراو وەرگێڕی کتێبی "کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نائارام"ی ئۆفرا بەنگیۆیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، دکتۆر لوقمان قەنبەری، لە ئەنجامی هەڵکوتانی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ماڵەکەی خۆی لە سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بە حوکمی دادگا ماڵی لوقمان قەنبەرییان پشکنیوە و دەستیان بەسەر بەڵگەنامەکانی خوێندن و کەرەستە تایبەتییەکانی ناوبراو وەکوو مۆبایل و لاپتۆپەکەی داگرتووە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، دکتۆر لوقمان قەنبەری دوای ٤٠ کاتژمێر لێپرسینەوە لە ژێر گوشاردا، لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە ئازاد کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە دەستڕاگەیشتن بە ئیمەیلی ئەو نووسەرە کوردە، ناوبراوی بە بیانووی پەیوەندی لەگەڵ ئۆفرا بەنگیۆ، نووسەری کتێبی "کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نائارام" کە عەرەبە بە "پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل" و هەروەها وەرگێڕانی کتێبی "کوردەکان لە ئێران" بەرهەمی کەریم یەلدیز و بڵاوکردنەوەی "شێوازی فکریی پانکوردیسم" تۆمەتبار کردووە.

شایەنی باسە کە پێشتر ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامی مۆڵەتنامەی بڵاوکردنەوەی بە کتێبی"کوردەکان لە ئێران" نەدابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە