دێولان؛ کەماڵ لوتفی باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دیسان دەستبەسەرکرا

٢١ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢٣:٥٠

هەنگاو: سێشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

کەماڵ لوتفی خەڵکی دێولان، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و باوکی ڕەزا لوتفی یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بۆ جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە دەستبەسەرکرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤ )، کەماڵ لوتفی، تەمەن ٤٦ ساڵ دوای بانکگران بۆ دادگای شاری قوروە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ کەماڵ لوتفی لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە پێشتریش واتە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو کەماڵ لوتفی لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری دێولان دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کامێران گواسترایەوە.

ئەو باوکە دادخوازە دواجار دوای ٧٨ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە و هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە