تاران؛ دەستبەسەرکرانی ئیحسان خەزایی لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" و هاوژینەکەی، نێدا کاریگەر

٢٣ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٥:١١

هەنگاو؛ دووشەممە ۲۳ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

ئیحسان خەزایی، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و برای عیرفان خەزایی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و هاوژینەکەی نێدا کاریگەر (هەستی خەزایی)، بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۳ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۴ی جولای ۲۰۲۵)، ئیحسان خەزایی، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و برای عێرفان خەزایی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و هاوژینەکەی نێدا کاریگەر، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەیان بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زیاتر لە ۶۰ کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هاوکات لەگەڵ لێدانی دایک و برای يیرفان خەزایی (یەزدان خەزایی)، دەستیان بەسەر مۆبایلی دایک و باوکی عیرفان ئێحسان و یەزدان خەزایی و نێدا کاریگەردا گرتووە.

شایەنی باسە کە ئیحسان و نێدا دایک و باوکی سێ منداڵی بچووکن کە یەکیان کۆرپەیە.

عیرفان خەزایی، گەنجی تەمەن ۳۰ ساڵی کوردی خەڵکی شاری کەنگەڤەر، ڕۆژی چوارشەممە ۳۰ی خەرمانانی ۲۷۲۲ (۲۱ی سێپتەمبەری ۲۰۲۲) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی خەڵک لە شەهریاری تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی لەدەست دا. تەرمی ناوبراو چەندین کیلۆمەتر دوور لە زێدەکەی لە گۆڕستانی شەهریار بە خاک سپێردرا.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە