شەهریار؛ دەستبەسەركرانی یەزدان خەزائی، برای عێرفان خەزائی لە گیانبەختكردوانی ژن ژیان ئازادی

هەنگاو؛ شەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٥
یەزدان خەزائی، هاووڵاتیی كورد و برای عێرفان خەزائی، لە گیانبەختكردوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دوای بانگكرانی لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، یەزدان خەزائی، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەكان بۆ دادگای شۆڕشی شاری شەهریار سەر بە پارێزگای تاران بانگ و دەستبەسەر كرا.
تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران و تۆمەتە سەپێندراوەكان بۆ سەر یەزدان خەزائی لەبەر دەستدا نییە.
یەزدان خەزائی لە ڕێكەوتی ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣، لەگەڵ باوكی بە ناوی حاتەم خەزائی و ئێعسان خەزائی براكەی و هاوژینی براكەی بە ناوی نێدا كاریگەر بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شەهریاری سەر بە پارێزگای تاران بانگ و هەڕەشەیان لێ كرابوو.
هەروەها، ئێحسان خەزائی و نێدا كاریگەر لە ڕێكەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شەهریار دەستبەسەر كران، نێدا كاریگەری دوای چەند كاتژمێر ئازاد كرا و ئازادكرانی ئێحسان خەزائی ڕۆژی ٢٨ی هەمان مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی كاتی بوو.
عێرفان خەزائی گەنجی تەمەن ٣٠ ساڵەی كورد ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری شەهریار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حكوومەتییەكان كوژرا.