مەشهەد؛ دەستبەسەرکردنی لانی کەم شازدە کەس لە ڕێوڕەسمی حەوتەمی خوسرەو عەلیکوردی
هەنگاو؛ هەینی ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
لە ڕێوڕەسمی حەوتەی گیانلەدەستدانی گوماناویی خوسرەو عەلیکوردی، پارێزەری دادوەری و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لانی کەم ١٦ کەس لە بەشداربووان، لەوانە نەرگس محەممەدی، عالیە موتەللیبزادە، هەستی ئەمیری، پووران نازمی، سپێدە قولیان، ئەسەدوڵڵا فەخیمی، ئەکبەر ئەمینی، عەلی ئادینەزادە، ڕەزا ئادینەزادە، حەسەن باقرینیا، ئەبوولفەزل ئەبری، حەبیب فەدایی، کەماڵ جەعفەریەزدی و نوورا حەقی، لەگەڵ دوو ئەندامی بنەماڵەی عەلیکوردی بە ناوەکانی داوود عەلیکوردی و ئەحمەد عەلیکوردی، لەلایەن هێزە حوکوومییەکانەوە دەستبەسەر کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) لە درێژەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی حەوتەی خوسرەو عەلیکوردی، پارێزەری گیانلەدەستداوی کوردی خەڵکی سەبزەوار لە مەشهەد، هێزە حوکوومییەکان بە هێرشکردنە سەر شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە لانی کەم ١٦ کەس لەوانە نێرگز محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبێل، دوو ئەندامی بنەماڵەی عەلیکوردی و هەروەها دوو ئەندام لە بنەماڵەی دادخوازانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسیی پێشوویان دەستبەسەر کرد.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان بە هەنگاو، لە درێژەی دەستبەسەرکردنەکەدا هێزە حوکوومییەکان نەرگس محەممەدی بەندکراوی سیاسیی پێشوو و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل، پووران نازمی، عالیە موتەللیبزادە، سپێدە قولیان، هەستی ئەمیری و ئەبوولفەزل ئەبری بەندکراوانی سیاسیی پێشوو، حەبیب فەدایی، ئەسەدوڵڵا فەخیمی و ئەکبەر ئەمینی لە چالاکانی سیاسی، عەلی ئادینەزادە و ڕەزا ئادینەزادە لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و هەروەها داوود عەلیکوردی و ئەحمەد عەلیکوردی هاووڵاتییانی کورد و لە ئەندامانی بنەماڵەی خوسرەو عەلیکوردییان دەستبەسەر کردووە.
لە هەمان پێوەندیدا، جەواد عەلیکوردی، برای خوسرەو عەلیکوردی بە پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی دەستبەسەرکردنی هەریەک لە نێرگز محەممەدی و سپێدە قلیان ڕایگەیاند کە هێزە حوکوومییەکان ئەوانیان داوەتە بەر لێدان و توندوتیژی.
خوسرەو عەلیکوردی کە ساڵانی ڕابردوو ڕووبەڕووی دۆسیەسازکردن و گوشارە ئەمنی–دادوەریەۆان ببووەوە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) بە شێوەیەکی گوماناوی لە نووسینگەی کارەکەی گیانی لەدەست دا.
لە کاتێکدا بەرپرسان هۆکاری گیانلەدەستدانی ناوبراویان وەستانی دڵ ڕاگەیاند؛ بەڵام بەڵگەکان و وتەی نزیکان و پارێزەران، لەوانە خوێنبەربوونی نائاسایی و ئەگەری زیانی جەستەیی، گومانی جیدییان سەبارەت بە ڕۆڵی هێزە حکوومیەکان لە مردنی عەلیکوردی دروست کرد.
تەرمی خوسرەو عەلیکوردی، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥، لە زێدی خۆی لە عەبدولئاوای سەبزەوار بە خاک سپێردرا. جەواد عەلیکوردی، برای خوسرەو، لە وتارەکەیدا جەختی لەسەر پابەندیی ئەخلاقی و مرۆیی براکەی کردەوە و بیری هێنایەوە کە ئەو ساڵانێکی زۆر داکۆکی لە کەسانی بێدەنگ کردووە، دۆسیەی قورسی وەرگرتووە و بەرگەی گوشارە ئەمنییەکانی گرتووە.