ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی عەلی محەممەدی، باوکی دادخوازی شەهریار محەممەدی لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان

١ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٤:٢٠

هەنگاو؛ دووشەممە ۱ی بەفرانباری ۲۷۲۵

عەلی محەممەدی، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان لە ۴۴ ڕۆژ پێشەوە لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی بۆکان گواستراوەتەوە و تۆمەتی ئەمنی خراوەتە پاڵی. ناوبراو باوکی شەهریار محەممەدی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە شاری بۆکانە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەلی محەممەدی، تەمەن ۵۶ ساڵ، خەڵکی بۆکان و ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکان لە لایەن خانەی دادی گشتی و شۆڕشی ئەو شارە بە "جیاییخوازی"، "پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵە" و "پەیوەندی لەگەڵ گرووپە تێرۆریستییەکان" تۆمەتبار کراوە.

ئەو تۆمەتانە لەحاڵێکدا دراونەتە پاڵ عەلی محەممەدی کە بە وتەی کەسوکاری ناوبراو، ئەو باوکە دادخوازە هیچکات ئەندامی حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی نەبووە و ئەو تۆمەتانە هەوڵێکن بۆ سازکردنی دۆسیە دژ بە ناوبراو.

عەلی محەممەدی ئێستا لە بەندی ۱، کووپەی ۸ی بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ڕاگیراوە و دۆسیەکەی بە دادوەر فەخری ڕاسپێردراوە.

شایەنی باسە کە، شەهریار محەممەدی، کوڕی عەلی محەممەدی ئێوارەی هەینی ۲۷ی خەزەڵوەری ۲۷۲۲، لە تەمەنی ۲۹ ساڵیدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە بۆکان کوژرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە