سەقز؛ درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەمجەد ساڵحزادە

٨ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١١:٣٩

هەنگاو؛ هەینی ۸ی خاکەلێوەی ٢٧٢۵

بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەمجەد ساڵحزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز جارێکی دیکە درێژ کرایەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بارودۆخی نەخۆشیی هەرسی ناوبراو لە دەستبەسەرگەدا بەراورد بە جاران خراپتر بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەمجەد ساڵحزادە، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵی خەڵکی سەقز، پاش دوو مانگ بۆ جارێکی دیکە درێژ کراوەتەوە و ئەو هاووڵاتییە سەرەڕای بارودۆخی نەگونجاوی جەستەیی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، نەخۆشیی گەدەی ئەمجەد ساڵحزادە لە ماوەی ۲ مانگ و ۵ ڕۆژ دەستبەسەربوونی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنەدا خراپتر بووە.

ئەو سەرچاوە هەروەها رایگەیاندووە کە ئەمجەد ساڵحزادە حەوتووی داهاتوو جارێکی دیکە لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقزەوە بۆ سنە دەگواسترێتەوە.

ئەمجەد ساڵحزادە ڕۆژی سێشەممە ۲ی ڕێبەندانی ۲۷۲۴ (۲۱ی جەنیوەریی ۲۰۲۵)، لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا.

هەنگاو پێشتر بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو ڕایگەیاندبوو هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەو هاووڵاتییەیان لە دوکانی مۆبایل فرۆشییەکەی، بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و لەگەڵ بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتیی جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران" سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

شایەنی باسە کە، ئەمجەد ساڵحزادە لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢، دوای بانگکران بۆ فەرمانگەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر و ڕۆژێک دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە