سەکینە پەروانە لە ساڵڕۆژی دەستبەسەرکردنیدا، لە بەندیخانەی وەکیل‌ئابادی مەشهەد بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە

١٥ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢١:٤٧

هەنگاو: چوارشەممە، ١۵ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری قووچان، بە هۆکاری ناڕوون لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد (وەکیل‌ئاباد) بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گواسترایەوە. گواستنەوەی ناوبراو لە یەکەمین ساڵڕۆژی دەستبەسەرکردنیدا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١۵ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری قووچان سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، لەناکاو لە بەندیخانەی وەکیل‌ئابادی مەشهەد بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤینی تاران گواستراوەتەوە.

سەکینە پەروانە، ڕۆژی سێشەممە، ١۵ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، دوای بانگهێشتکردنی لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەشهەدەوە، دەستبەسەر و ڕۆژی ٢۵ی هەمان مانگ ڕەوانەی بەندی ۵ی بەندیخانەی مەشهەد کرا.

لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەشهەد، سزای ٧ ساڵ و ۶ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێنراوە، هاوکاتیش لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.

شایانی باسە ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر سزای سێدارەی چوار بەندکراوی سیاسیی دیکەی کورد بە ناوەکانی وەفا ئازەربەر، موحسین مەزڵووم، پژمان فاتحی و محەممەد فەرامەرزی، ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣، بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

ناوبراو ڕۆژی ١۶ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢، جارێکی دیکە لە شاری تاران و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و پاش چوار ڕۆژ ئازاد کراوە.

هەنگاو لە ڕاپۆرتەکانی پێشووتریدا لەسەر سەکینە پەروانە ڕایگەیاندووە: سوپای پاسداران، نزیک بە چوار ساڵ پێش دەستی بەسەر هەموو ناسنامە و بەڵگەکانی کەسێتیی سەکینە پەروانەدا گرتبوو، دوای ئەوەی کە کەوتە بەر لێبوردنی گشتی و ئازاد کرا، هەتا ئێستاش بەڵگەنامەکانی پێ نەدراوەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە سەرەتاییترین و سەرەکیترین کارەکانی ڕۆژانەی ژیانی ناوبراودا وەک؛ بەکرێگرتنی ماڵ، کارکردن، کڕینی هێڵی تەلەفۆنی مۆبایل و... تووشی کێشەی جیددی بووەتەوە.

هەروەها ئەم بەندکراوە کوردە لە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە لە سنووری ماکۆ ڕادەستی هێزەکانی ئێران کرا و دواتر ڕادەستی وەزارەتی ئیتلاعات کراوە و لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی ئێڤین لە تاران گواستراوە.

سەکینە پەروانە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧١٩، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران، بەبێ هەبوونی لانی کەمی مافەکانی تۆمەتبارێک لە پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی تاوانەکانی، سزای پێنج ساڵ بەندکران و بێبەریبوون لە ئەندامبوون لە گرووپ و دەستە سیاسییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵی بەسەردا سەپێندرا و دواتر لە ١٠ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ کەوتە بەر لێبوردنی گشتی و لە بەندیخانەی تارانی گەورە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە