بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی سۆڵماز حەسەنزادە، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان

١٩ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٥:٢١

هەنگاو؛ هەینی ١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سۆڵماز حەسەنزادە، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان کە ١١ ڕۆژ پێشتر لەگەڵ باوکی، ئەحمەد حەسەنزادە و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی براکەی، محەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو، زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١١ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی سۆڵماز حەسەنزادە، تەمەن ٣٠ ساڵ و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و گواستنەوەی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٣١ی جولای ٢٠٢٤) تا ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و تەنیا یەک ڕۆژ دوای دەستبەسەرکرانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتدا هەواڵی گواستنەوەی خۆی بۆ بەندیخانەی ئورمیەی ڕاگەیەندووە و لەو کاتەوە هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی دیکەی نەبووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵە و نەزدیکانی ئەو هاووڵاتییە بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لەسەر چارەنووسی تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و بەرپرسان لە دانەوەی وەڵامێکی ڕوون سەبارەت بە بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو خۆ دەبوێرن و ڕایانگەیاندووە کە چی دیکە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەدا دەستبەسەر نییە و هەر ئەوە نیگەرانیی زیاتری بنەماڵەکەی سەبارەت بە بارودۆخی ڕاگرتنی ناوبراوی لێکەوتووەتەوە.

ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە، ئەحمەد حەسەنزادە باوکی دادخوازی محەممەد حەسەنزادە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکاندا دەستبەسەر بوو، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٣١ی جولای ٢٠٢٤)، بە دانانی بارمتە لەو بەندیخانەیە ئازاد کراوە.

ئەو دوو ئەندامەی بنەماڵەی دادخوازان ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژ (٣٠ی جولای) هاوکات لەگەڵ ساڵبوونی محەممەد حەسەنزادە، لە ڕەوتی هەڵکوتانی هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەیان، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدانەوە دەستبەسەر کرابوون. دایە عەزیمە، دایکی محەممەد حەسەنزادەش بە سەختی لەلایەن ئەو هێزانەوە لێیدرابوو و بەهۆی برینداربوونییەوە بۆ نەخۆشخانەی دکتۆر قولیپووری بۆکان گواسترابوویەوە.

ئەحمەد حەسەنزادە لەگەڵ کچەکەی، سۆڵماز حەسەنزادە هەروەها لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، دەستبەسەر کرابوون. پێشتریش سۆڵماز حەسەنزادە لە ئێوارەی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەر لەگەڵ سێ کەس لە هاوڕێکانی لە ڕێگای نێوان بۆکان_سەقز دەستبەسەر کرابوو.

محەممەد حەسەنزادە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری بۆکان و لە کاتێکدا کە هەوڵی دابوو کچێک ڕزگار بکات کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە ڕفێندرابوو، بە چەند زەربەی چەقۆ و هەروەها گوللەیەکی ئەو هێزانە کە لەسەر سینگ و دڵی پێکرابوو گیانی لەدەستدا.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە