بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی هەتاو ئەکرەمی، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و ئامۆزای مێهران ئەکرەمی

١١ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٢:٣١

هەنگاو؛ هەینی ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی تیکاب و دانیشتووی شاری بۆکان، بەناوی هەتاو ئەکرەمییان بە سازکردنی کەشی ترساندن و لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی لەو شارە دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە. ناوبراو ئامۆزای مێهران ئەکرەمی، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادییە کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٣٠ی مەی ٢٠٢٤)، هەتاو ئەکرەمی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٢ ساڵی خەڵکی تیکاب لە گوندی "ئینگیجە"ی سەر بە شاری بۆکان لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵی دایک و بابی دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە شاری بۆکان بەڕێوەبەری کارگەیەکی جلوبەرگ دوورینە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەکرەمی، نزیک بە بیست کەس لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دایک و باوکی هەتاو ئەکرەمی و ئەو هاووڵاتییەیان لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردووە.

هەروەها، هێزەکانی سوپای پاسداران دوای دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە، ماڵی دایک و باوکیان بەتەواوی پشکنیوە.

هەتاو ئەکرەمی، ئامۆزای مێهران ئەکرەمی، لاوی گیانبەختکردوو لەژێر ئەشکەنجەی ئیدارەی ئیتلاعاتە. مێهران لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" و لە مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە شاری سەقز دەستبەسەر کرابوو و ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز گیانی لەدەستدا.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە شوێن و بارودۆخی ڕاگرتنی هەتاو ئەکرەمی و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە