بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی مینا سوڵتانی لە دایکە دادخوازەکانی کوردستان

٣١ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٦:٥٤

هەنگاو؛ شەممە ٣١ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سەرەڕای تێپەڕبوونی ١١ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی مینا سوڵتانی، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان، تا ئێستاش زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٤ەوە (١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە شاری بۆکان، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراوە.

میلاد و ئەسرین محەممەدی، منداڵەکانی ئەو دایکە دادخوازە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایانگەیاندووە کە، لە کاتی دەستبەسەرکرانی دایە میناوە تا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەیان بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی بێ ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان سەبارەت بە بارودۆخی ناوبراو وەڵامێکیان پێ نەداونەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس، هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دایکە دادخوازە لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە