بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی ئەحمەد حەسەنزادە و سۆلماز حەسەنزادە لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان

٩ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٤:٢٢

هەنگاو؛ سێشەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

ئەحمەد حەسەنزادە و کچەکەی سۆلماز حەسەنزادە، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە شاری بۆکان، بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٣٠ی جولای ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەحمەد حەسەنزادە تەمەن ٥٧ ساڵ و لە باوکانی دادخوازی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و ناوبراویان لەگەڵ کچەکەی، سۆلماز حەسەنزادە تەمەن ٣٠ ساڵ دەستبەسەر کردووە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ئەمڕۆ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە بووە و بنەماڵەکەی لە هەوڵی ئامادەکاری بەمەبەستی بەڕێوەبردنی ساڵڕۆژی لەدایکبوون بۆ ڕۆڵە گیانبەختکردووەکەیان بوون.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو بنەماڵە دادخوازە و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکران و لێدانی ئەحمەد حەسەنزادە و سۆلماز حەسەنزادە، هاوژینی ئەحمەد حەسەنزادەش بەسەختی لەلایەن ئەو هێزانەوە لێیدراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو ئەندامەی بنەماڵە دادخوازەکان و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

ئەحمەد حەسەنزادە و سۆلماز حەسەنزادە لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) دەستبەسەر کرابوون. هەروەها سۆلماز حەسەنزادە ئێوارەی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەریش لەگەڵ سێ کەس لە هاوڕێکانی لە ڕێگای نێوان بۆکان سەقزدا دەستبەسەر کرابوو.

محەممەد حەسەنزادە، ئێوارەی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بۆکان و لەحاڵێکدا کە هەوڵی ڕزگارکردنی کچێکی دابوو کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە ڕفێندرابوو، بە چەندین زەربەی چەقۆ و هەروەها گوللەیەکی هێزە حکومەتییەکان کە لەسەر سینگ و دڵی پێکرابوو گیانی لەدەستدا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە