قوروە؛ ندا دەدەجانی لە دەستبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار سزای سێ ساڵ بەندکران و دوو ساڵ دوورخستنەوە بەسەردا سەپا

١٥ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ١٤:٢٨

هەنگاو؛ دووشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

ندا دەدەجانی، هونەرمەندی کورد و خەڵکی قوروە و لە دەستبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێ ساڵ بەندکرانی و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ نیکشار بەسەردا سەپا

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ندا دەدەجانی، هونەرمەند و بووکەڵەسووڕێنەری خەڵکی قوروە بە گشتی سزای سێ ساڵ بەندکران و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ نیکشار سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی بەسەردا سەپا کە دوو ساڵ لە سزاکەی جێبەجێ دەکر`ێت.

هەنگاو زانیویەتی کە، ندا دەدەجانی لەلایەن دادگای شۆڕشی قوروە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی ناوخۆیی وڵات» بە دوو ساڵ بەندکرانی و لەلایەن دادگای کەیفەریەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ڕێکخستن و ئاسایشی گشتی» بە یەک ساڵ بەندکرانی و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ نیک‌شار بەسەردا سەپاوە.

ئەم هونەرمەندە لە هەشتەمین فێستیڤاڵی شانۆی ناوچەیی کەمئەنداماندا سەرکەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی خەڵاتی هەڵبژێردراوی بووکەڵەسووڕێنی و خەڵاتی یەکەمی دیزاین و دروستکردنی بووکەڵە و پێشینەی هاوکاریشی وەک دیزاینەری جلوبەرگ و گریم لە شانۆدا هەیە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە