ئاودانان؛ چوار بەندکراوی سیاسی کورد لە دۆسیەیەکی دیکەدا سزای سێزدە ساڵ و شەش مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپا

٦ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١٢:٣٦

هەنگاو؛ سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

محەممەد دانیالی، وەحید چاوران، ناسر ڕەزایی و محەممەد حسەین حاسڵی، بەندکراوانی سیاسی کورد و خەڵکی ئاودانان لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران بە کۆی گشی سزای سیانزە ساڵ و شەش مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپا. سێ کەس لەم بەندکراوانە کە پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیی دەستبەسەر کرابوون، لە دۆسیەی یەکەمیاندا هەر کامیان سزای ١٢ ساڵ بەندکران و دوور خستنەوە بۆ بەندیخانەکانی کرمان، زاهدان و مەشهەد مەحکوم کرابوون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، لقی دووی دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای ئیلام، وەحید چاوران و ناسر ڕەزایی بە تۆمەتی «هەڵگرتنی چەکی گەرم» هەر کام بە ٥ ساڵ بەندکران، محەممەد دانیالی بە تۆمەتی «هەڵگرتنی چەکی کۆڵت» بە ٢ ساڵ بەندکران و محەممەد حسەین حاسڵی بە تۆمەتی «بەشداری لە شەڕ و پێکدادان» بە یەک ساڵ بەندکران و بە هۆی «هەڵگرتنی چەکی ڕاو» بە ٦ مانگ بەندکران و بە کۆی گشتی هەموویان ١٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

لەم نێوانەدا محەممەد حسەین حاسڵی وەک سزای تەواو، سزای پێبژاردنی دە میلیۆن تمەن و هەروەها دانانی پارە بە سکاڵاکەر سزا درا.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی گوڵانی ٢٧٢٥ (٤ی مەی ٢٠٢٥)، ناسر ڕەزایی و وەحید چاوران، چالاکی مەدەنی، شاخەوان و مامۆستای پاراگلایدەر، هەردووکیان خەڵکی ئاودانان و محەممەد حسەین حاسڵی، خەڵکی شاری سەراب باغ سەر بە ئاودانان، بە ڕیز بۆ بەندیخانەکانی کرمان، زاهدان و مەشهەد دوورخرابوونەوە.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣ ( ٨ی ژانویەی ٢٠٢٤)، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیلام بە تۆمەتەکانی وەک «دژایەتی خوا» و «کۆبوونەوە و هاوپەیمانی دژی ئەمنییەت» هەر کامیان بە ١٢ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەیکانی کرمان، زاهدان و مەشهەد مەحکوم کران.

محەممەد حسەین حاسڵی، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، وەحید چاورانیش ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ و ناسر ڕەزایی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژی هەمان ساڵ، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواسترابوونەوە.

محەممەد دانیاڵیش کە پێشتر بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و هاوپەیمانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی» و «ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵایەتی» بە ٢ ساڵ بەندکران سزا درابوو، ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٥ی مارسی ٢٠٢٥)، لە ڕاستای جێبەجێ کرانی سزای ٢ ساڵەکەی لە دێهلوران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواسترابوویەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە