بجنۆرد؛ مەهدی پاک مێهر هونەرمەندی کورد سزای ٦ ساڵ بەندکران و لێدانی ٨٠ قامچی بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ هەینی ٢٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
لە بەردەوامیی شەپۆلی سەپاندنی سزا دژ بە چالاکوانانی مەدەنی و خۆپێشاندەران، مەهدی پاک مێهر هونەرمەند و گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی بجنۆرد، ناوەندی پارێزگای خۆراسانی باکوور و لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٦ ساڵ بەندکردن و لێندانی ٨٠ قامچی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا لە دوو دۆسیەی جیادا، مەهدی پاک مێهر لەلایەن دادگای شۆڕش و دادگای تاوانەکانی بجنۆردەوە سەرجەم سزای ٦ ساڵ بەندکردن و لێدانی ٨٠ قامچی بەسەردا سەپێندراوە و بەرپرسانی دادوەری بە پێشێلکردنی بنەماکانی دادگاییکردن، لە پێدانی کۆپیی نووسراوی بڕیاری دادگا بەم هاووڵاتییە خۆیان پاراستووە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، مەهدی پاک مێهر لە دادگای تاوانەکانی بجنۆرد بە بەندکردن و لێدانی ٨٠ قامچی و لە دادگای شۆڕشی ئەو شارەش بە چەند ساڵ زیندان مەحکووم کراوە، کە کۆی ئەم سزایانە دەکاتە ٦ ساڵ بەندکران.
مەهدی پاک مێهر، تەمەن ٤١ ساڵ، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٥ دا سەرەتا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە لە ناحیەی قاچەوە کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی ساچمەیی و بریندار بوو. ناوبراو دواتر لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان، لەگەڵ ژمارەیەک لە کارمەندانی کافەکەی خۆی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ لە دۆخێکی سەختدا و لە کاتێکدا کە بەدەست برینی قاچیەوە دەیناڵاند، لە بەندیخانەی ناوەندیی بوجێنێردەوە مایەوە.
مەهدی پاک مێهر یەکێک لە چالاکوانە ناسراوەکانی کولتووری، سیاسی و هونەرمەندە کوردەکانی شاری بوجنۆردە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ یشدا دەستبەسەر کرابوو و سزای ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو.
ناوبراو هەروەها، لە جۆزەردانی ساڵی ٢٠١٧ دوای بڵاوکردنەوەی گۆرانیی "بژی کوردستان" و بە تۆمەتی ناوبردنی کوردستان، پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان لەو گۆرانییەدا، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.