ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکردنی یەلدا عەباسی، هونەرمەندی ناوداری کورد و نیشتەجێی ئەڵمانیا لە مەشهەد
هەنگاو؛ دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
یەلدا عەباسی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناسراوی کورد، خەڵکی شاری شیروان سەر بە خۆراسانی باکوور و نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیا، کە لەم دواییانە بۆ سەردانی بنەماڵەکەی گەڕابووەوە بۆ ئێران، لە مەشهەد دەستبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکردن بۆ بەندیخانەی وەکێڵئاوای مەشهەد گواستراوەتەوە. ئەم سزایە بەهۆی چالاکییەکانی ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە بێ بوونی خۆی بە سەریدا سەپابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٢٣ی جەنیوەری ٢٠٢٦)، یەڵدا عەباسی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، نیشتەجێی ئەڵمانیا و خەڵکی شاری شیروان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە ماڵی بنەماڵەیی خۆیان لە مەشهەد دەستبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکردن کە پێشتر بە بێ بەشداریی خۆی ، بۆ بەندیخانەی وەکێڵئاوای مەشهەد گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، دوای دەستبەسەرکردنی ئەم هونەرمەندە پێی ڕاگەیەندراوە کە لە دۆسیەیەکی پێوەندیدار بە چالاکییەکانی لە کاتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، سزای ساڵێک بەندکردنی بە شێوەی پاشملە بۆ دەرچووە و ئێستا بۆ جێبەجێکردنی سزاکە دەستبەسەر کراوە.
ئەم هونەرمەندە، دایکی منداڵێکی یەک ساڵ و نیوە و نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە کە بۆ پشووی سەری ساڵ (کریسمەس) لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکەی گەڕابووەوە بۆ ئێران تا سەردانی بنەماڵەکەی بکات.
یەلدا عەباسی، هونەرمەندی دیار و دەرچووی کۆنسێرڤاتواری جۆزێپێ ڤێردیی ئیتاڵیا، بە پشتبەستن بە مۆسیقای ڕەسەنی خۆراسان و تێکەڵکردنی دووتاری نەریتی لەگەڵ ئاوازی کلاسیک، دوای درەوشانەوەی لە دۆکۆمێنتاریی «ترەقە» و دامەزراندنی گرووپی خانمانی «نازار» لە ساڵی ٢٧١٥ی زایینیدا وەک کەسایەتییەکی نێودەوڵەتی و باڵیۆزێکی بەتوانای کولتوور و مۆسیقای کوردی ناسراوە. ناوبراو لە ساڵی ٢ ٢٧١٠ یەکەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی «کوات» بە هاوکاریی دایکی و موحسین میرزازادە بڵاو کردەوە کە بە پێشوازییەکی زۆری خەڵک بەرەوڕوو بوو. بەڵام دووەم بەرهەمی بە ناوی «کوات ٢» کە دوو ساڵ دواتر ئامادە کرا، لەلایەن وەزارەتی کولتوور و ئیرشادی ئیسلامیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی پێ نەدرا.
ئەم هونەرمەندە پێشتریش ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٧ (٦ی دیسەمبەری ٢٠١٨)، لە کاتێکدا کە بۆ بەشداری لە کۆنسێرتێک کە لەلایەن «ناوەندی کولتووری میزۆپۆتامیا»وە ئامادە کرابوو، سەردانی تورکیای کردبوو، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەستەنبوڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کرابوو.