زاهیدان؛ گیانلەدەستدانی بەندکراوێک بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی

٣ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٥٠

هەنگاو؛ دووشەممە ٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

بەندکراوێکی بەلووچ بەناوی قادر گۆرگیج، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و دواخستنی گواستنەوەی بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی زاهیدان گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢١ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، قادر گۆرگیج، تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی زاهیدان، دوای دوو ساڵ و شەش مانگ و ٢٢ ڕۆژ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و دواخستنی گواستنەوەی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە گیانی لەدەستدا.

ئەو بەندکراوە ڕۆژی یەکشەممە لەحاڵێکدا کە بارودۆخی تەندروستیی ناجێگیر بووە بۆ بنکەی تەندروستیی بەندیخانە و دواتر بۆ نەخۆشخانەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی زاهیدان گواستراوەتەوە و لەو نەخۆشخانەیەدا گیانی لەدەستداوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو بەندکراوە سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی و نەخۆشیی بنەڕەتیی دڵ و پەستانی خوێن، داواکاریی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە ڕەت کرابووەوە.

ئەو هاووڵاتییە بەلووچە لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢١، لە ڕەوتی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو و لەو ماوەیەدا لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان بەسەری دەبرد و چارەنووسی ناڕوون بوو. هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە باس کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە