بەندیخانەی قزڵحیسار؛ کوژرانی بەندکراوێک لە تێکەڵچوونێکی خوێناوی لە نێوان بەندکراوەکاندا

هەنگاو؛ شەممە ١٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
بەندکراوێکی کورد و خەڵکی کرماشان بە ناوی ئەرسەلان سالاری لە ئەنجامی شەڕێكی قورس لە نێوان بەندکراوان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج، ناوەندی پارێزگای ئەلبۆرز کوژرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی سەرلە بەیانیی شەممە ١٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٨ی مارسی ٢٠٢٥)، ئەرسەلان سالاری ، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی کرماشان لە تێکەڵچوونێک لە نێوان بەندکراوان لە بەندیخانەی قزڵحیسار گیانی لە دەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەرسەلان سالاری لە بەندی ١٧ی یەکەی دووی بەندیخانەی قزڵحیسار و بە هۆی لێدان بە چەقۆ کوژراوە.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەرسەلان سالاری چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترابوویەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو چەندین جار لە هەمبەر نەبوونی ئەمنییەتی گیانی بۆ بەندکراوان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری داوە. بە پێی ئەو لێکۆڵینەوە و بەڵگانەی کە بە دەستگەیشتووە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی جگە لە بوونی مافیای فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان، بەردەوام چەندین جۆری چەکی سارد بە سەرپەرشتی و پشتیوانی دارایی بەرپرسانی بەندیخانە دەبردرێتە نێو بەندیخانە.