بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج؛ گیان لە دەستدانی بەندکراوێکی کورد بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی

٢٤ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٠٠:٢٣

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

بەندکراوێکی کورد بە ناوی کیانووش وەلەدبەیگی کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج ڕاگیرابوو، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و درەنگ گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٨ی مەی ٢٠٢٤)، بەندکراوێکی کورد و خەڵکی گوندی نۆریاو سەر بە شاری پاوە بە ناوی کیانووش وەلەدبەیگی تەمەن٣٥ ساڵ، لە کاتێکدا حەوتەمین ساڵ لە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج تێدەپەڕاند، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و درەنگ گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران گیانی لەدەستدا.

بە وتەی سەرچاوەیەک ئاگادار، فایەق وەلەدبەیگی لە ماوەی ساڵەکانی ڕابردوو لە نەخۆشی گورچیلە و نەخۆشی دڵ ڕەنجی دەبرد و بەرپرسانی بەندیخانەکە لە پێدیانی ئیزنی مرەخەسیی دەرمانی بە ناوبراو ڕێگرییان کردووە.

لەم بارەوە سەرچاوەیەک نزیک لە بنەماڵەی وەلەدبەیگی بە هەنگاوی ڕاگەیاند: کیانووش وەلەدبەیگی ٧ ساڵی پێش لە شیراز بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و سزای ١٨ ساڵ بەندکران بە سەریدا سەپێنرابوو. ناوبراو نزیکەی دوو ساڵ پێش لە بەندیخانەی عادڵئاوای شیراز بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترابووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤، لانی کەم ١٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە کە ٨ کەس لەوانە بەندکراوی کورد بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە